كاتێك شاشەكان و مۆبایلی زیرەك بوونەتە بەشێك لە ژیان و بەڕێوەچوونی كارەكان، وێڕای ئەوەی جووڵەی خێرایان بە ژیان بەخشیوە و سوودی زۆریان گەیاندووە، لە بەرانبەریشدا تیشكی شاشە بێ زیان نییە و بەتایبەتی بۆ تەندروستیی چاوەكان، بۆیە پزیشكانی بواری چاو و خۆراك ئاماژە بەو خۆراكانە دەدەن كە بۆ تەندروستیی چاو و پارێزگاری لێیان سوودبەخشن و گرنگە بایەخ بە خواردنیان بدرێت.
پزیشكانی بواری چاو و هاوكات خۆراك كە قسەیان بۆ پێگەی “ئەهرام”ی میسری كردووە، رۆشناییان خستووەتە سەر زیانی شاشەكان بۆ چاو كە ئێستە شاشەكانی كۆمپیوتەر و مۆبایلی زیرەك بوونەتە بەشێك لە ژیان و بەڕێوەچوونی كارەكان، بۆیە وێڕای سوودیان، بێ زیانیش نین بەتایبەتی بۆ تەندروستیی چاوەكان، لەبەرئەوەی پزیشكان ئاماژە بە چەندان جۆری خۆراك دەدەن كە بۆ تەندروستیی چاو زۆر سوودمەندن و لە زیانی تیشكی شاشەكان دووریان دەخەنەوە.
بەرلە هەر شتێك پزیشكان باس لە سوودی خواردنی سەوزە گەڵادارەكان دەكەن بەتایبەتی سپێناخ كە بۆ تەندروستیی چاو زۆر بەسوودە، چونكە دژەئۆكسید لەخۆ دەكرێ و پارێزگاری لە تۆڕی چاوەكان دەكات. خۆ ئەگەر بە هاوسەنگی بخورێت، ئەوكات لەگەڵ بەسەرچوونی تەمەنیشدا زیاتر پارێزگاری لە تەندروستیی چاوەكان دەكات.
هاوكات باس لە گۆشتی ماسیی چەور دەكرێ وەك سەلەموون و سەردین و توونە، چونكە ترشەڵۆكی ئۆمیگا3 لەخۆ دەگرن كە ئەوانیش فرمێسك بەرهەم دێنن، بەوەیش چاوەكان لە وشكبوونەوە دەپارێزن. جیا لە گێزەر كە بەوە دەناسرێتەوە بۆ تەندروستیی چاو زۆرباشە، چونكە بیتاكارۆتینی تێدایە و لە رێگەی ئەویشەوە ڤیتامین “ئەی” بۆ جەستە بەرهەم دێنێت، بۆیە رەگەزی سەرەكییە بۆ پارێزگاری لە تەندروستیی گلێنەی چاو و ئاستی بینین، لەگەڵیدا پەتاتەی شیرین بەهەمانشێوە بە بیتاكارۆتین دەوڵەمەندە و هەمان رۆڵ بۆ پارێزگاری لە چاوەكان دەبینێت.
هەروەها پزیشكان دەڵێن كە ڤیتامین “سی” رۆڵێكی زۆر گرنگ بۆ پارێزگاریی دەمارە خوێنییەكان دەبینێت و بەتایبەتی و وردی بۆ چاوەكان، ئەو ڤیتامینە لە پرتەقاڵ و لیمۆ و میوە ترشەكان دەست دەكەوێت، هاوكات بیبەری رەنگاوڕەنگی وەك سوود و زەرد بۆ تەندروستیی چاو زۆر بە بایەخە و لە وشكبوون دەیپارێزێت.
دواتریش پزیشكان رۆشنایی دەخەنە سەر چەرەزات و تۆوەكان وەك بادەم و بوندق و ناوكی گوڵەبەڕۆژە، چونكە لەوانەدا ڤیتامین “دی”ی زۆر دەست دەكەوێت، هاوكات دژەئۆكسید بەشێوەیەكی گشتی یارمەتیی پارێزگاریی لە شانەكانی چاوەكان لە تێكچوون دەكات. بۆیە بەشێوەیەكی گشتی ئەو چەورییە سروشتییەی لە چەرەزاتدا هەیە، پارێزگاری لە تەندروستیی چاوەكان دەكات.












Leave a Reply