ئەمڕۆ دووشەم 24ی ئابی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو وڵاتە، دەستپێکردنی “ئۆپراسیۆنی خنكاندنی ئابووری”ی دژی ئێران ڕاگەیاند و سزای خستە سەر 60 قەوارە، کەس و کەشتی، هاوکات هۆشداریی توندی دایە تەواوی وڵاتانی جیهان کە ئەگەر پێوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ تاران نەپچڕێنن و لقی بانکەکانیان دانەخەن، لە سیستەمی دارایی پشت بەستوو بە دۆلاری ئەمەریکی بێبەش دەکرێن.
سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند کە ئەمە هەڵمەتێکی بێپێشینەیە و تەواوی دامەزراوەکانی حكوومەتی ئەمەریکا دەگرێتەوە، ئامانج لێیشی لێدانە لە ئێران و هەموو ئەو لایەنانەی پاڵپشتیی دەکەن. بۆ ئەم مەبەستەش سزایان خستووەتە سەر 60 قەوارە، کەسایەتی و کەشتی کە پێوەندییان بە بوارەکانی وزەی ئەتۆمی، مووشەک و نەوتی ئێرانەوە هەیە.
وەزیری گەنجینە ئاماژەی بەوە دا کە مۆڵەتە گشتییەکانی تایبەت بە حەواڵەی دارایی بۆ ئێران هەڵپەسێردراون، و سزاکان بەدیاریکراوی کۆمپانیاکان و “کەشتیگەلی سێبەر” لە ئیمارات، هۆنگ کۆنگ، چین، سەنگافوورە و سویسرا دەگرنەوە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی پێوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئێران بپچڕێنن، بۆیە هەر وڵاتێک خشتەیەکی کاتیی دیاریکراوی لەبەردەستدایە بۆ وەستاندنی ئەو چالاکییانە، ئەگەرنا ئەمەریکا بەشێوەی تاکلایەنە سزاکانیان بەسەردا جێبەجێ دەکات.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، بێسێنت هۆشداریی دا کە دەبێت لقی بانکە ئێرانییەکان لە دەرەوەی ئەو وڵاتە دابخرێن، و هەر لایەنێک کارئاسانی بۆ سپیکردنەوەی پارەی ئێران بکات، لە سیستەمی دۆلاری ئەمەریکی دەردەکرێت و هیچ کەسێک لە سزاکانی ئەمەریکا پارێزراو نییە. ڕوونیشی کردەوە کە سزاکان پێنج شادەماری سەرەکیی ئێران دەکەنە ئامانج کە بریتین لە سامانی دیجیتاڵی، تەکنەلۆجیا، زێڕ، کەرتی فڕۆکەوانی و گواستنەوەی دەریایی.
بێسێنت ئەم ئۆپراسیۆنە ئابوورییەی بە دابەزینی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نۆرماندی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا چواند، و دووپاتی کردەوە کە ئێران بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و سەربازانی ئەمەریکا، زیاتر لە هەر ڕژێمێکی تری تێکدەری ئاسایش لە جیهاندا. بۆیە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا سزای بەسەر دامەزراوەیەکی دارایی گەورەدا دەسەپێنن بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئێران.
















Leave a Reply