یاسای بودجە ئامادە دەكرێت و هەرێمی كوردستانیش پشكی 14%ـی زیاتری دەوێت

بینەر: (878)

لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئامادەكاری بۆ بودجەی ساڵی 2027 دەستی پێ‌ كردووە، وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گشتیی بودجە سەرقاڵی دیاریكردنی هێڵە گشتییەكانن، پەرلەمانتارانیش پێداچوونەوە دەكەن كە هەرێمی كوردستانیش سەرقاڵی جێگیركردنی پشكی خۆیەتی.

ئامادەكارییەكان بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لە بەغدا دەستی پێ‌ كردووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێداگریی لەسەر زیادكردنی پشكی دارایی خۆی بۆ 14.1٪ دەكاتەوە، ئەمەش بەپشتبەستن بەداتاكانی سەرژمێریی گشتی، بەمەیش دەبێت جگە لە مووچە، پارەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و خزمەتگوزارییەكانیش خەرج بكرێت.

تا ئێستە بودجەی فەرمی و كۆتایی عێراق بۆ ساڵی 2027 هێشتا دیاری نەكراوە، بەڵام لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێن كە دەكرێت بگاتە 200 تریلۆن دینار و 150 تریلۆن مووچە و خەرجی دەبێت و 50 تریلۆن دیناریش بۆ خزمەتگوزار و پڕۆژەكان دەبێت.

وەزیری دارایی و حكوومەت هێشتا لە قۆناغی ئامادەكردنی پڕۆژەی بودجەدان، پێشبینی كراوە لە تشرینی یەكەمی 2026 بۆ پەرلەمان بنێردرێت.

سیپان شێروانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق رای گەیاند، بۆ بودجەی ساڵی 2027 ئێمە تەنیا داوای مووچە ناكەین، بەڵكو داوای بودجەی عێراق دەكەین كە بەپێی دواین سەرژمێری كراوە.

باسی لەوەش كرد، رێژەی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 14ـی عێراق پێویستە پشكی هەرێمی كوردستانیش بەهەمانشێوە دیاری بكرێت.

ئەوەشی گوت، وەزارەتی دارایی دەستی بەئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 كردووە، ئیخلاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، لە كۆبوونەوەی ئەمدواییەدا لەگەڵ سەرۆك وەزیران، لەسەر چەندان دۆسیە ڕێككەوتوون كە گرنگترینیان خێراكردنی پرۆسەی ناردنی بودجەی 2027ی عێراقە، بەگوێرەی یاسای كارگێڕی دارایی، دەبێت پڕۆژەیاسای بودجە لە 15ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا (15ی 10) بگاتە پەرلەمان بۆ ئەوەی بەخێرایی پەسند بكرێت.

دلێمی ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم بودجەیە بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی دارایی، دیاریكردنی نرخی فەرمیی دینار، نرخی نەوت ‌و ڕێكخستنی میكانیزمەكانی هەناردەكردن، زۆر گرنگ ‌و چارەنووسسازە.

بەپێی رێژەی دانیشتووان بێت، هەرێمی كوردستان لەو بودجەیە زیاتر لە 28 تریلۆن دیناری دەبێت، بەڵام لە ساڵی 2006 تا ئێستە عێراق پشكی هەرێمی كوردستانی بە تەواوەتی نەناردووە.

لەبەشێكی تری پەرەسەندنەكاندا ئەوەش ئاشكرا بووە، لیژنەی دارایی بەهاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەت، یاسای بەخشین ‌و قەرزاركردنی (قانون المنح والاقتراچ)ی گەڵاڵە كردووە، بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم یاسایە لەناو هۆڵی پەرلەمان بكرێت، بەئامانجی دۆزینەوەی دەرچەی دارایی نوێ بۆ حكوومەت.

كەیسێكی تری هەرێمی كوردستان هەیە پێویستی بەوە هەیە جێگیر بكرێت، ئەویش بەرزكردنەوەی پلەیە، كێشەی هەمیشەیی سەرمووچە ‌و بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران (الترفیعات والعلاوات)، لەناو هەموار و جێگیركارییەكانی بودجەی 2027دا چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە، ئێستە لیژنەی دارایی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجەی عێراق سەرقاڵی ئەم بابەتەن، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانیش نووسراوی كردووە بۆ ئەوەی داودەزگاكان دواین زانیاری لەسەر ئەو بابەتە بنێرن.

عێراق بۆ ساڵی 2026 بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكان ‌و دۆخی ناوچەكەوە هیچ بودجەیەكی فەرمی پەسند نەكرد، حكوومەتی فیدراڵی بۆ خەرجییەكانی ئەمساڵی، پەنای بردەبەر پێڕەوكردنی سیستمی خەرجكردنی یەك لەسەر دوازدەی بودجەی ساڵی ڕابردوو بۆ مووچە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *