قەیرانی مووچە لە کابینەی یەکەمی مەسرور بارزانی بۆ کابینەی دووەم

بینەر: (14)

ڕێبارز محمد مەحموود

کاتێک مەسرور بارزانی لە ساڵی ٢٠١٩دا دەسەڵاتی وەرگرت، دروشمی “حکومەتێکی بەهێز و چارەسەری ڕیشەیی قەیرانەکان”ی بەرزکردەوە و وەها وێنای کرد کە ئیتر سەردەمی چاوەڕوانییەکانی شەقام کۆتایی هاتووە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر و تەنانەت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥یشدا، هێشتا هەمان قەوان لێدەداتەوە و بەردەوام دەڵێت “پێویستە کێشەی مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت”. ئەمە گەورەترین شانۆگەریی سیاسییە کاتێک سەرۆکی حکومەت خۆی دەبێتە ڕەخنەگر و وەکو هاوڵاتییەکی سادە گلەیی لە نەبوونی مووچە دەکات، بێئاگا لەوەی کە خەڵک پرسیار دەکات: ئەگەر کابینەیەک بە هەموو هێزی ئەمنی، ئابووری و ململانێ سیاسییەکانییەوە نەیتوانیبێت لە ماوەی چەندین ساڵدا وەڵامێکی گونجاو بۆ سکی خاڵی فەرمانبەران بدۆزێتەوە، ئیتر بە چ لۆژیکێک هاوڵاتییەک بڕوا بکات کە هەمان ئەو دەموچاوانە دەتوانن لە کابینەی داهاتوودا موعجیزە بخوڵقێنن؟.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە دەسەڵاتداران عادەتیان گرتووە لە جیاتی دابینکردنی مووچە و باشکردنی گوزەرانی خەڵک، بەردەوام سکاڵا لە “پیلانگێڕییەکانی بەغدا” بکەن و وا نیشان بدەن کە ئەوان تەنیا قوربانیی ململانێیەکی گەورەترن ، لە کاتێکدا نەبوونی شەفافییەت لە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکاندا گەورەترین هۆکاری ئەم ئیفلیجبوونە ئابوورییەیە. کاتێک سەدان ملیۆن دۆلاری باج و ڕسوومات لە دەرەوەی چاوی چاودێری و پەرلەمان دەچێتە گیرفانی کۆمپانیا حیزبییەکانەوە، بەغدا تەنیا بیانوویەکە بۆ داپۆشینی ئەو تاڵانکارییەی ناوخۆ کە بەرپرسان بەردەوامن لەسەری.

هەر جارێک کە قەیرانەکە دەگاتە بنبەست، دەسەڵاتداران باس لە “ئابوورییەکی سەربەخۆ” دەکەن، کەچی ناتوانن بۆ یەک مانگیش مووچەی مامۆستایەک بدەن بەبێ ئەوەی چاوەڕێی پارەی عێراق بکەن. ئەم بە سیاسییکردنەی بژێویی خەڵک، لە ڕاستیدا باشترین چەکی دەسەڵاتە بۆ مانەوە لەسەر کورسییەکانیان، چونکە کۆمەڵگایەکی برسی و ماندوو کە هەموو خەمی گەیشتنی پارەی مانگێک بێت، هەرگیز کاتی ئەوەی نابێت بیر لە گۆڕانکاریی ڕیشەیی یان پرسیارکردن لەسەر داهاتی نەوت بکاتەوە. ئەگەر قەیرانی مووچە لە سەردەمی زێڕینی حوکمڕانیی حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا چارەسەر نەکرابێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەم قەیرانە لە درێژکردنەوەی تەمەنی هەمان سیستەم و دوبارەبوونەوەی هەمان کارەکتەرەکان ناترسێت، چونکە ئەوانەی قەیرانەکەیان دروست کردووە هەرگیز ناتوانن ببنە چارەسەر

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *