ماڵباتی (خالید زراری) لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایان گەیاند، دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کۆنی باوکیان لەلایەن کەناڵی NRTـییەوە دووبارە بڵاوکرایەوە، دووپات دەکەینەوە کە کێشەکەیان لە مانگی ئابی ڕابردووەوە لەسەر ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حكوومەت چارەسەر کراوە و سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ کراون.
لە ڕوونکردنەوەکەدا، ماڵباتی خالید زراری ئاشکرایان کردووە، دوای گەیشتنی دەنگیان بە سەرۆک مەسعوود بارزانی، نووسینگەی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی وردی بۆ کێشەکەیان کردووە. جێی باسە، هەر لە ڕۆژی 6ی ئابدا، وەک لە پۆستێکی فەرمیدا ئاماژەی پێکراوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، شەعبان چالی بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی حكوومەت، سەردانی ماڵباتی تێکۆشەر خالید زراری کردووە بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.
ماڵباتەکە لە ڕوونکردنەوە نوێیەکەدا دەڵێن “نووسینگەی جەنابی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بە جددی و بەرپرسیارییەوە بەدوای داواکارییەکانماندا چوون و سەرجەم خواست و داواکارییەکانمان بە تەواوی جێبەجێ کران.”
ئەوان سوپاسێکی دڵسۆزانەیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆ ئەوەی بە گرنگییەوە مامەڵەیان لەگەڵ داواکارییەکانیان کردووە و ڕێزیان لە خەبات و قوربانیدانەکانیان گرتووە.
















Leave a Reply