ئاژانسی “فرانس پرێس”، بڵاوی كردەوە كە بڕیارە لە سبەی سێشەمەوە دەسەڵاتدارانی عێراق كاری كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكانی ئێران لە عێراق بوەستێنن، كە خرانەتە ناو سزاكانی ئەمەریكاوە، لە هەنگاوێك هاوكاتە لەگەڵ زیادبوونی سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر تاران.
ئاژانسەكە لە چەند سەرچاوەیەكی عێراقی گواستەوە، بڕیارە بەغدا كاركردنی كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكانی ئێران، لەوانەی سزاكانی ئەمەریكا دەیانگرێتەوە، بوەستێنێت، كە بەپێی راپۆرتە عێراقییەكان بڕیارەكە گەشتی فڕۆكەكانی ئێران لە فڕۆكەخانەكانی عێراق دەگرێتەوە.
بەپێی راپۆرتەكان هاتوچۆی نێوان عێراق و ئێران تەنیا لە دەروازە سنوورییە وشكاوییەكانەوە دەبێت، لەوكاتەی تا ئێستە وردەكاریی بڕیارەكە یان ناوی كۆمپانیا ئێرانییەكان بڵاو نەكراوەتەوە كە سزاكان دەیانگرێتەوە.
ئەمڕۆ سكۆت بیسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا رای گەیاند كە دوای دوو رۆژ تەواوی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی ئێران لە سەرانسەری دنیا لە كار دەكەون، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لە توندكردنی گوشارە ئابوورییەكانی سەر ئێران بەردەوامە، تەواوی كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكانی ئێران لە دنیا لە 23ی ئەم مانگە لە كار دەوەستن، ئەوەش لە ئەنجامی هەڕەشەكانی سەپاندنی سزا بەسەر كۆمپانیاكان، بەوەش لە كاتی نیشتنەوەی هەر فڕۆكەیەكی ئێرانی لە هەر فڕۆكەخانەیەكی دنیا، ناتوانرێت سووتەمەنی بۆ دابین بكرێت و رێگەی نیشتنەوە و فرۆشتنی بلێتی پێ بدرێت، هەر لایەنێك ئەوە بكات لە سیستمی دارایی بنیاتنراو لەسەر دۆلار دوور دەخرێتەوە.
















Leave a Reply