ئاکام عەبدوڵا سدیق
لەم سەوداگەرییە سیاسییەدا، ڕەخنەی تەواو نابێت تەنیا ئاراستەی پارتە دەسەڵاتدارەکان بوبکرێت، بەڵکو دەبێت تەواوی چین و دەستەبژێری سیاسی بگرێتەوە. حکومەت بەردەوام شکستەکانی دەخاتە ئەستۆی ناکۆکییە سیاسییەکان، ئۆپۆزسیۆنیش تەنیا دەرفەتێک دەپێوێت تا خۆی بگەیەنێتە کورسییەکان، و پارتە فەرمانڕەواکانیش بەردەوام خەریکی زۆرانبازیی دابەشکردنی هەژموون و پۆستەکانن؛ لەم ناوەندەشدا، هاووڵاتییان بە تەواوەتی لە دەرەوەی هاوکێشە سیاسییەکان فڕێ دراون! تێز و ڕاستییە تاڵ و ڕەقەکە لێرەدا بەرجەستە دەبێت: هەموو لایەک لە کێبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی دەوڵەت، بەڵام هیچ کەسێک لە کێبڕکێدا نییە بۆ باشترکردن و گەشەپێدانی دەوڵەت!
کاتێک ململانێی سیاسی لە ناو بازنەی بەدەستهێنانی دەستکەوتی حزبی و کەسیدا بچووک دەکرێتەوە، ئیتر دروشمەکانی چاکسازی کە لە لایەن دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆنەوە بەرز دەکرێنەوە، دەبنە کەرەستەیەکی تەنیا میدیایی. ئۆپۆزسیۆن لەبری پێشکەشکردنی ئەڵتەرناتیڤی داڕێژراو و پڕۆژەی نیشتمانیی کردارەکی، چاوەڕێی داڕمانی لایەنی بەرامبەر دەکات؛ دەسەڵاتیش لەبری ئیدارەدانی فەرمی و بەرپرسیارانەی وڵات، تەواوی کاتی خۆی لە دانوستاندنی سەرمەدیی دابەشکردنی دەستکەوتەکاندا بەفیڕۆ دەدات.
لەم واقیبە تاڵ و تەنزئامێزەدا، مرۆڤ ناچارە زمانی حاڵی تەواوی کایە سیاسییەکە بەم شێوەیە دەرببرێت: “ئێمە هەموومان ململانێ دەکەین لەسەر ئەوەی کێ دەست بەسەر سەروەت و سامانی دەوڵەتدا بگرێت، بەڵام هیچمان بەرنامەیەکمان نییە تا دەوڵەتێک بنیات بنێین کە شایستەی ژیانی ئێوە بێت!” ئەم کێبڕکێیە بێناوەڕۆکە، نیشانەی پووکانەوەی گەورەی ئەخلاقیی سیاسەتە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، چونکە تێیدا حوکمڕانی و ئۆپۆزسیۆنبوون دەبنە دوو ڕووی یەک سکەی هەلپەرستی.
کاتێک بەکارهێنانی کەرەستە سیاسییەکان تەنیا بۆ بەدەستهێنانی کێک یان کورسیی دەسەڵات بێت، ئیتر خەمە بنەڕەتییەکانی خەڵک لەسەر خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بێدەنگ دەکرێن. لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی کۆمەڵگە تەواوی ئەم چینە سیاسییە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە نەکاتەوە و بە تەنها بەڵێنی بێناوەڕۆکی هیچ لایەنێک ڕازی نەبێت، ئەم کێبڕکێیە بێکەڵکە بەردەوام دەبێت و وڵاتەکەش لە ناو دەستی وەبەرهێنەرانی دەسەڵاتدا بەرەو وێرانیی زیاتر دەچێت.















Leave a Reply