ئەمڕۆ دووشەم 24ی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلانە بڵاو کردەوە کە بە کارتی سووتەمەنی (کۆبۆن) کەمتر لە 40 لیتر بەنزین وەردەگرن، و دووپاتی کردەوە کە ئەو بڕە بەنزینەی دەمێنێتەوە بە هیچ شێوەیەک بۆ وێستگەکە نابێت و دواتر بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەو بڕە بەنزینەی کە لە بەنزینخانەکان دەدرێت بە ئۆتۆمبێلەکان، لای بەڕێوەبەرایەتییەکە دیار و کۆنترۆڵکراوە لە ڕێگەی خوێندنەوەی ژمێرەری (عەداد)ەکانی بەنزین، کە پێش و دوای دابەشکردن تۆمار دەکرێن و تەنیا ئەو بڕە بەنزینەی بە ڕاستەقینە دابەش کراوە، دەخرێتە ئەستۆی بەنزینخانەکە.
هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە بڕی 40 لیترەکە کە بە کارتی سووتەمەنی دابەش دەکرێت، تەنیا بۆ حیسابی شۆفێرانە، بەڵام بۆ وردبینیی حیسابات لەگەڵ بەنزینخانەکان، پشت بەو بڕە ڕاستەقینەیە دەبەسترێت کە دەدرێتە شۆفێران. وەک نموونەیەک ئاماژەی بەوە داوە کە ئەگەر ئۆتۆمبێلێک تەنیا 30 لیتر بەنزین تێبکات، ئەوا تەنیا ئەو 30 لیترە بۆ بەنزینخانەکە تۆمار دەکرێت، نەک 40 لیتر.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییان، کە ئەو بڕە بەنزینەی لە هەندێک ئۆتۆمبێل دەمێنێتەوە، بە هیچ شێوەیەک بۆ بەنزینخانەکان نابێت و ناتوانن دەستکاری بکەن، بەڵکوو لای ئەوان دیارە و لەسەر بەنزینخانەکان هەژمار دەکرێت بۆ ئەوەی لە ڕۆژی دواتردا بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت.
















Leave a Reply