“هۆكاری كەمیی بەرهەمی نەوتی هەرێم بەردەوامیی هێرش و ترسی كۆمپانیا بیانییەكانە”

بینەر: (1.2K)

لە ماوەی دوایی هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی شەڕی ئێران، بە بەردەوام هێرشی درۆنی دەكرایە سەر هەرێمی كوردستان، لەوانە بۆ سەر دامەزراوە و كێڵگە نەوتی و غازییەكان، ئەوەش وای كرد هەناردنی نەوتی كێڵگەكانی هەرێم كەم ببێتەوە، پەرلەمانتارێك ئاماژە بۆ هۆكاری ئەو كەمبوونەوەیە دەكات و دووپاتی كردەوە كە هۆكاری كەمیی بەرهەمی نەوتی هەرێم بەردەوامیی هێرش و ترسی كۆمپانیا بیانییەكانە.

ئیخڵاس دلێمی پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، هۆكاری وەستانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەندێك لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان پێوەندی بە كۆمپانایا بیانییەكانەوە هەیە كە لە هەرێم لە كەرتی نەوت كار دەكەن، ئەوان كۆمپانیای بیانین و وەك حكوومەتی هەرێم دەسەڵاتی تەواوەی بەسەر ئەواندا نییە بۆ ناچاركردنیان بۆ كاركردن، بەتایبەتی كە بە بەردەوام هێرشیان دەكرێتە سەر.

روونی كردەوە، رێككەوتن لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق هەبوو بەوەی هەر كۆمپانیایەك زیانی مایەكی بەر بكەوێت، حكوومەتی عێراق بەشێك لە زیانەكانی بۆ قەرەبوو بكاتەوە، بەڵام ترسی ئەو كۆمپانیایانە بەهۆی بەردەوامیی هێرشەكان زیادی كرد، ئێمە هیوامان وابوو بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە هەرێم زیاد بكرێت و بگاتە ئاستی ملیۆنێك بەرمیلی رۆژانە لە رێگەی بەندەری جەیهان بێتە هەناردن، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی هێرشەكانەوە بەرهەمهێنان و هەناردن كەمی كرد و گەیشتە 70 بۆ 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە، ئەوەش زۆر كەمە.

دلێمی هیوای خواست كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نە وت لە هەرێم دەست بە كارەكانیان بكەنەوە و وەك حكوومەتی هەرێم هەوڵی گوشارخستنەسەریان دەدات، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە هەوڵەكانی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە بەردەوامە و بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنان گوشاریان لێ دەكات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *