بودجە بێ چاکسازی؛ چۆن داهاتی عێراق بووەتە خێر و سەدەقەی سەرانی مافیا؟

بینەر: (9.1K)

ڕێبەر ئەنوەر عبدوڵا

لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کاتێک گوێت لە وشەکانی “بودجەی زەبەلاح، تەرخانکراوی خزمەتگوزاری، یان پشکی پارێزگاکان” دەبێت، بزانە کە دەسەڵات خەریکی شاردنەوەی تاڵانییەکی گەورە یان شەرعاندنی گەندەڵییەکە! لێرە، خەرجکردنی ملیاران دۆلار بە ڕێکەوت ڕوو نادات و گیرفانی خەڵکیش بە ڕێکەوت خاڵی نابێت؛ بەڵکو “بەتاڵکردنەوەی بودجە بەبێ هیچ چاکسازییەک” خۆی لە خۆیدا گەورەترین ستراتیژی و شێوازی حوکمڕانیی دەسەڵاتدارانی بەغدا و پارتی و یەکێتییە. ئەوان فێربوون کە باشترین ڕێگە بۆ کوشتنی داهاتووی ئەم وڵاتە یان هەر دەنگێکی ناڕازی، “دابەشکردنی پارەی میللەتە بەسەر کۆمپانیا حیزبی و میلیشیاییەکاندا”. بۆیە دەبینین هیچ کێشەیەکی ژێرخان لێرە چارەسەر نابێت، لە کارەبا و ئاوەوە بگرە تا دەگاتە نەخۆشخانە و قوتابخانەکان!

با سەیری قەیرانی خەرجییەکان بکەین. بۆچی هەموو ساڵێک گەورەترین بودجە لە مێژوودا پەسەند دەکرێت، کەچی هەژاری زیاتر دەبێت؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە عێراق پارەی نییە؟ نەخێر، ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار لە فرۆشتنی نەوت دەڕژێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە، بەڵام ئەم داهاتە بەفیڕۆ دەدرێت چونکە “بەخشینەوەی بودجە بە کۆمپانیا وەهمییەکان و زیادکردنی مووچەخۆری بندیوار” باشترین چەکە بۆ ئەوەی حیزبەکان سوپایەک لە شوێنکەوتەی گوێڕایەڵ دروست بکەن، نەک بیر لە بنیاتنانی ئابوورییەکی سەربەخۆ یان ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان بکەنەوە.

هەمان سیاسەت بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پەسەندکردنی یاسای بودجەش جێبەجێ دەکرێت. دوای هەر چەقبەستووییەکی سیاسی، پەرلەمانتاران و سەرکردەی حیزبەکان ئەم بودجەیە بەکاردهێنن نەک وەک پڕۆژەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوە، بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ “دابەشکردنی کێکی داهات” لە نێوان خۆیاندا بەبێ ئەوەی هیچ دامەزراوەیەکی چاودێری هەبێت لێپرسینەوە لە خەرجییەکان بکات. کاتێک تۆ بودجەی وڵات دەکەیتە موڵکی تایبەتی بنەماڵە و میلیشیاکان، بۆچی پەلە بکەیت لە چاکسازی؟ ئەوان قەیرانی دارایی دروست دەکەن، پارە بەفیڕۆ دەدەن، و پاشان کەمێک مووچە وەک کاڵایەکی سیاسی و “مەکرەمە” بەسەر میللەتی برسی دەفرۆشنەوە.

تەنانەت کاتێک باس لە “چاکسازیی ئابووری” دەکرێت، ئەم دەسەڵاتە لیژنەی ئابووری و وەزارەتی بێسوود پێکدەهێنێت تەنها بۆ ئەوەی ڕاستییەکانی دزینی بودجە لەناو کاغەزەکاندا بزر بکات. کێشەی پشتبەستنی تەواو بە نەوت، کێشەی هەناردە نەکرنی نەوتی کوردستان، و تەنانەت کێشەی باج و ڕسومات بە مەبەست بە سەقەتی دەهێڵرێنەوە، تا خەڵک بێهیوا ببێت و قبوڵی هەر چارەسەرێکی کاتی بکات، وەک ئەوەی دابینکردنی مووچەیەکی مانگانە گەورەترین دەستکەوتی نیشتمانی بێت!

“خراپترین جۆری گەندەڵی ئەوەیە کە دەسەڵات پارەی خەڵک لێبسەنێت و دواتر بەشێکی کەمی وەک خێر پێیان بداتەوە.” ئەمڕۆ حوکمڕانانی عێراق و هەرێم بە زەبری “بودجەی بێ چاکسازی” دەیانەوێت ڕاستییەکانی تاڵانکاری بشارنەوە و کەرامەتی خەڵک بشکێنن, کە دەسەڵات تێگەیشت دەتوانێت بە دابەشکردنی نادادپەروەرانەی بودجە، ئیرادەی میللەتێک بکوژێت. تا ئەو کاتەی خەڵکی ئێمە باوەڕ بەم ژمارە خەیاڵییانەی دەسەڵات بکەن و لەبری ڕاپەڕین، چاوەڕێی “پەسەندکردنی بودجەی دزەکان” بکەن، ئەم وڵاتە هەرگیز گەشەسەندنێکی ڕاستەقینە بەخۆیەوە نابینێت، بەڵکو تەنها لە قەیرانێکی داراییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئیفلاسییەکی گەورەتر!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *