زیرەک کەمال
لە زۆنی سەوز و شاری سلێمانیدا، کاتێک گوێت لە “شاری هەڵمەت و قوربانی، پایتەختی ڕۆشنبیری، یان پێشەنگی گۆڕانکاری” دەبێت، بزانە کە دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە خەریکی بەکارهێنانی مێژووی شارەکانن بۆ شاردنەوەی ئێستایەکی وێران و پڕ لە نائومێدی! لێرە، کوژانەوەی چرای هیوای گەنجان بە ڕێکەوت ڕوو نادات و پاشەکشێی ڕۆشنبیری و ئابووریی شارەکەش هەڵەیەک نییە؛ بەڵکو “بەرزکردنەوەی ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵک بە دروشم و دواتر وێرانکردنیان بە سیستەمێکی گەندەڵ” خۆی لە خۆیدا گەورەترین ستراتیژی و شێوازی حوکمڕانیی یەکێتیی نیشتمانی و ئەکتەرە سیاسییەکانی تری ئەم زۆنەیە. ئەوان فێربوون کە باشترین ڕێگە بۆ شکاندنی ئیرادەی شارێک کە هەمیشە داوای مافی کردووە، “پێدانی بەڵێنی گەورەیە کە هەرگیز جێبەجێ ناکرێن، تا ئەو کاتەی خەڵک لە بێهیواییدا تەسلیم دەبێت”. بۆیە دەبینین لێرە خەڵک هەمیشە چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکی گەورەیە، بەڵام ئەوەی پێی دەدرێت تەنها شکستێکی گەورەترە!
با سەیری ئەم “سیستەمی نائومێدییە” بکەین. بۆچی شارێک کە هەمیشە لانکەی شۆڕش و دەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن بووە، ئێستا ناتوانێت بچووکترین گۆڕانکاری لە خزمەتگوزارییەکانیشدا بکات؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە خەڵکەکەی ماندوون؟ نەخێر، چونکە دەسەڵات لێرە “سیستەمێکی داڕشتووە کە هەر دەنگێکی نوێ یان هەر جوڵانەوەیەکی ئۆپۆزسیۆن، لە کۆتاییدا یان دەیکڕێت، یان دەیخاتە ناو هەمان بازنەی گەندەڵییەوە”. کاتێک تۆ دەنگ بە هێزێکی نوێ دەدەیت بە ئومێدی ڕزگاربوون لە باج و قۆرخکاری، بەڵام دواتر دەبینیت هەمان ئەو هێزە دەبێتە شەریکی یەکێتی لە تاڵانکردنی داهاتی ناوخۆدا، ئیتر چاوەڕێی چی دەکەیت جگە لە کوشتنی تەواوەتیی ئومێد لە دڵی هاوڵاتییاندا؟ ئەوان شارەکەیان خستووەتە ناو تەڵەیەکی دەروونییەوە: خەونی گەورەت پێ دەفرۆشن، بۆ ئەوەی دواتر بە دەستی خۆیان خەونەکانت بکوژن!
هەمان سیاسەت لە کەرتی ئابووری و ڕۆشنبیریشدا جێبەجێ دەکرێت. سلێمانی کە سەردەمانێک مەڵبەندی ئازادیی بازرگانی و ڕەخنەی بوێر بوو، ئێستا کراوەتە زیندانێک کە تێیدا هیچ پڕۆژەیەک سەرناگرێت ئەگەر مەکتەبی سیاسی پشکی تێدا نەبێت. دەسەڵات ئەم پاشەکشێیە بەکاردهێنێت نەک وەک شکستێکی بەڕێوەبردن، بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ “سەپاندنی هەژموونی کۆمپانیاکانی خۆی و بێدەنگکردنی هەر دەنگێکی جیاواز بە هێزی چەک”. کاتێک تۆ ناوی شارەکەت دەنێیت پایتەختی ڕۆشنبیری، بەڵام ڕۆژنامەنووسەکانت لە ژێر هەڕەشەی ڕفاندندان و کۆڕە فیکرییەکان بەتاڵ کراون لە ناوەڕۆک، ئیتر ئەمە شارێک نییە بۆ ژیان، بەڵکو شانۆیەکی گەورەیە بۆ نواندنی دەسەڵاتێکی دووڕوو.
تەنانەت کاتێک باس لە “ئازادی و پێکەوەژیان” دەکرێت، ئەم دەسەڵاتە شانازی بە مێژووی شارەکەوە دەکات، بەڵام لە واقیعدا هێزە ئەمنییە دەمامکدارەکان و لیوا تایبەتەکان تەواوی کایەکانی ژیانیان قۆرخ کردووە. ئەوان داهاتووی شارەکە دەدزن و پاشان پێمان دەڵێن “ئێمە پارێزەری شکۆی سلێمانین!”
“خراپترین ئازار ئەوەیە کە تۆ خەونێکی گەورەت هەبێت، بەڵام ناچار بیت لە ناو واقیعێکی بچووک و پڕ لە قێزەونیدا بژیت.” ئەمڕۆ یەکێتی و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بە زەبری “سیستەمی نائومێدی و قۆرخکاری” دەیانەوێت ڕاستییەکانی داڕمانی شارەکە بشارنەوە و کەرامەتی خەڵک بشکێنن.













Leave a Reply