سەرکەوت رەمەزان علی
ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا ڕوودەدات، تەنها ململانێیەکی سیاسی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی سیستماتیکە بۆ لەناوبردنی ژێرخانی ئابووریی وڵات و برسییکردنی گەلێک لەپێناو بەرژەوەندیی میلیشیا و هێزە دەرەکییەکاندا! حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی دیکەی هاوپەیمانی، نەک تەنها بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر سەروەریی عێراق، بەڵکو بوونەتە ئامرازێکی “دیپلۆماسیی تێکدەر” کە لەبری دانوستان، بە درۆن و موشەک وەڵامی پرسیارە ئابووری و سیاسییەکان دەدەنەوە. لە کاتێکدا حکومەتی عێراق، بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبڕێت و خەڵکەکەی برسی دەکات، هەمان ئەو حکومەتە ساڵانە ٣.٦ ملیار دۆلار دەدات بە حەشدی شەعبی کە زیاتر لە ٢٣٨,٠٠٠ چەکداری هەیە کە هەندێکیان لەسەر لیستی تیرۆری نێودەوڵەتین
پەیامەکە ڕوونە: ئەگەر هاوڵاتییەکی مەدەنی بیت و خزمەت بکەیت، مووچەکەت دەبڕدرێت؛ بەڵام ئەگەر چەکدارێک بیت کە وەلائت بۆ دەرەوەی عێراق بێت، ئەوا بودجەی دەوڵەت دەخرێتە خزمەتتەوە! میلیشیاکان بە ئاشکرا ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کێڵگە نەوتی و غازییەکانی وەک کۆرمۆر و خورمەڵە، دەکەنە ئامانجی درۆنەکانیان. ئەم هێرشانە تەنها بۆ لاوازکردنی کوردستان نییە، بەڵکو ئامانجێکی گەورەتریان هەیە: ڕێگریکردن لە هەر هەنگاوێک کە عێراق بەرەو سەربەخۆیی وزە ببات و وابەستەیی بە غازی ئێرانی کەم بکاتەوە. کاتێک میلیشیاکانی نزیک لە ئێران دەبینن کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت ببێتە سەرچاوەیەکی جێگرەوە بۆ وزەی عێراق، بە خێرایی درۆنەکانیان دەنێرن بۆ وێرانکردنی کێڵگەکان، کە ئەمەش نەک تەنها زیان بە هەرێم، بەڵکو زیان بە تەواوی ئابووریی عێراق دەگەیەنێت و متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی لەناودەبات.
ئەوەی کارەساتە ئەوەیە کە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، لەبری پاراستنی ژێرخانی وڵاتەکەی، تەنها بەیاننامەی “سەرکۆنەکردن” دەردەکات و تەنانەت لە زۆر کاتدا حاشا لە بەرپرسیارێتیی میلیشیاکان دەکات. ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە دەوڵەت خۆی بووەتە بارمتەی دەستی ئەم هێزە چەکدارانە، کە قۆرخی سنوورەکان، گومرگەکان، و تەنانەت گرێبەستە ئابوورییەکانیان کردووە. ئەمە ئەو سیستەمەیە کە چەکدارەکان لە کاتی وەرگرتنی بودجەدا وەک “دامەزراوەی دەوڵەت” مامەڵە دەکەن، بەڵام لە کاتی بەکارهێنانی توندوتیژیدا، خۆیان وەک “هێزی بەرگریی سەربەخۆ” دەناسێنن.
ئایا کێ لە وێرانبوونی ژێرخانی عێراق و بڕینی مووچەی هاوڵاتیان سوودمەندە؟ بێگومان ئەوانەی کە بەردەوامیی قەیرانەکان دەکەنە سەرچاوەی مانەوەیان لە دەسەڵات. دەبێت عێراقییەکان، لە کورد و عەرەب، لەوە تێبگەن کە ئەم میلیشیایانە پارێزەری نیشتمان نین، بەڵکو کرمۆکەی تێکدەری ئابووری و سەقامگیریین. تا ئەو کاتەی دەوڵەت ئامادە نەبێت بودجە و شەرعییەت لەو هێزانە بسەنێتەوە کە موشەک دەگرنە کێڵگەکانی نەوت و غاز، هیچ هیوایەک نییە بۆ دروستبوونی دەوڵەتێکی سەروەر. ماف بە ملکەچبوون نادرێت؛ ئەگەر بەرامبەر بەم ڕووتاندنەوە و کاولکارییە بێدەنگ بین، ئەوا داهاتووی عێراق لەبری ڕووناکی، لەناو دووکەڵی درۆنەکانی میلیشیادا تاریک دەبێت!














Leave a Reply