ئەمڕۆ دووشەم 11ی ئایاری 2026، کۆشکی سپی دووپاتی کردەوە کە ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە بەتەواوی ئیفلیج بووە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن هیچ پەلەیەکی نییە.
جێگری گوتەبێژی کۆشکی سپی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ درک بەوە دەکات کە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبێت، لە کاتێکدا ئەمەریکا بەهێزتر دەبێت. سەرۆک زۆر ڕاشکاو بووە لەگەڵ گەلەکەیدا سەبارەت بەوەی چی ڕوو دەدات ئەگەر ئێران هەوڵ بدات ڕێگری لە هاتوچۆی وزە لە گەرووی هورمز بکات.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا دووپاتی کردەوە کە، ترەمپ هیچ پەلەیەکی نییە سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، چونکە گشت کارتەکانی لەبەردەستدایە. ڕوونیشی کردەوە کە ئەمەریکا هەوڵ دەدات ڕێککەوتنێک واژوو بکات کە ئاسایشی وڵاتەکەمان لەسەر ئاستی درێژخایەن بپارێزێت و مەترسیی ئەتۆمیی ئێران لە ڕەگەوە هەڵکێشێت.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی سەر بازاڕی وزە، ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە دا، ئەو دۆخی ناسەقامگیرییەی ئێران دروستی کردووە، هەرکاتێک کۆتایی بێت، ئەوا نرخی نەوت دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت. لە کۆتاییشدا گوتی، پێویستە ڕژێمی ئێران دان بەو ڕاستییەدا بنێت کە کۆگاکانی نەوتی لە دوورگەی خەرگ بەتەواوی پڕ بوون.
















Leave a Reply