چەند میلیشیایەكی عێراقی ئامادەییان بۆ داماڵینی چەك دەربڕیوە

بینەر: (837)

لە دوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كۆشكی سپی، ئەمەریكا بە هەموو شێوەیەك گوشار لە عێراق دەكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانی ئێران و داماڵینی چەكەكانیان، كە تا ئێستە حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە ئەوە بكات، ئەمەریكا ئەو بابەتەی كردووەتە مەرج بۆ حكوومەتی نوێ، چەند سەرچاوەیەك باسی ئامادەیی چەند میلیشیایەك بۆ دانانی چەكەكانیان دەكەن.

چەند سەرچاوەیەكی عێراقی باسی ئەوە دەكەن كە چەند میلیشیایەك ئامادەیی خۆیان پێشان داوە لە داهاتوو چەكەكانیان رادەستی دەستەی حەشدی شەعبی بكەن، ئەوەش بەهۆی گوشاری نێودەوڵەتی هەوڵ و مانۆرێكی ئەوان بۆ شوێنكردنەوە و خۆگونجانیان لەگەڵ دۆخی نوێ لەسەر گۆڕەپانی عێراقیدا، جیا لە بازدان بەسەر مەرجەكانی ئەمەریكا لە دوورخستنەوەیان لە پێكهاتەی حكوومەتی نوێ و بەستنەوەی مامەڵەكردن لەگەڵ حكوومەتی نوێ بە مامەڵەكردن لەگەڵ میلیشیاكان.

لەوكاتەی شارەزایان پێیان وایە ئەمەریكا وەك بەشێك لە دەستەی حەشدی شەعبی سەیری ئەو میلیشیایانە دەكات، سەرچاوەكان دەڵێن، تا ئێستە سێ میلیشیا ئامادەیی خۆیان بۆ رادەستكردنی چەكەكانیان بۆ دەستەی حەشدی شەعبی دەربڕیوە،وەك دامەزراوەیەكی فەرمی، كە بریتین لە گرووپەكانی ئەنساروڵای ئەوفیای حەیدەر غەراوی و سەید شوهەدای ئەبو ئالای وەلائی و عەسائیب ئەهلولحەقی قەیس خەزعەلی.

ئەو هەنگاوەی میلیشیاكان وەك هەوڵێك بۆ بەشداریكردنی باڵە سیاسییەكانیان لە پێكهاتەی حكوومەتی نوێی عێراق خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، جیا لە تێپەڕكردنی سزاكانی ئەمەریكا راستەوخۆ بەسەر میلیشیاكان و ناراستەوخۆ بەسەر حكوومەتی عێراق لە حاڵەتی مانەوەی ئەو میلیشیایانە، حوسێن ئەسعەد شارەزای سیاسی دەڵێت، كێشەكە ئەوەیە ئەو میلیشیایانە چۆن دەتوانن قەناعەت بە واشنتن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە رژدیی گۆڕانكارییان بكەن، بەتایبەتی كە ناوی بەشێكیان لە لیستی تیرۆردایە، ئەوەش گومان دەخاتە سەر جیاكردنەوەی هەردوو باڵی سیاسی و سەربازییان.

زیاتر گوتی، بۆیە ئەو ئامادەییەی میلیشیاكان بۆ چەكدانان رەهەندێكی سیاسییانەی زیاتر لە تەناهییانە هەیە، هەوڵ دەدەن خۆیان رێك بخەنەوە بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێ، كاتێك ئەمەریكا هێڵی سووری بۆ بەشداریكردنی هەر گرووپێك لە حكوومەت داناوە كە باڵی سەربازی هەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *