لە دوای راسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، شارەزایان بەهۆی ئەو پاڵپشتییە گەورە ناوخۆیی و دەرەكییەی لە عەلی زەیدی كرا، پێیان وایە كابینەكەی لە ماوەیەكی كورتدا و بەر لە كۆتاهاتنی وادە دەستوورییەكە دێتە پێكهاتن، پەرلەمانتارێك ئاماژە دەكات كە هاوپەیمانیەتییەكەی سوودانی لە كابینەی نوێ پێنج وەزارەتی دەبێت.
ئەحمەد دلفی پەرلەمانتاری هاوپەیمانیەتیی ئیعمار و تەنمییەی محەمەد شیاع سوودانی گوتی، هاوپەیمانیەتییەكە لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق پێنج پۆستی ویزاری دەبێت، ئەوانیش وەزارەتەكانی نەوت و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و پیشەسازی و كانزاكان و دوو وەزارەتی تریش كە خەریكە دانوستانیان لەبارەوە دەكرێت.
روونی كردەوە، هەرچی سوودانییە، وەك سەركردەیەكی سیاسی و سەرۆكی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە دەمێنێتەوە و نابێتە وەزیر لە حكومەتی نوێ.
شایەنی باسە بڕیارە كابینەی نوێی حكوومەتی داهاتووی عێراق لە 22 وەزارەت پێك بێت، 12 وەزارەتی بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە و شەش وەزارەت بۆ هێزە سوننەكان و چواریش بۆ كورد، كە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن.
















Leave a Reply