دەستەواژەی پۆپۆلیزم دەگەڕێتەوە بۆ وشەی لاتینی “populous” بە مانای “خەڵک”، زیاتر وەک بزووتنەوەیەکی سیاسیی لە نیوەی دووەمی سەدەی 19 لە ئەورووپا دەرکەوت. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ڕەوتی پۆپۆلیزم لە 1990 بەملاوە، لە ئاستی دەسەڵاتدا لە هەموو جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەم وشەیە وەک دەستەواژە بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەکار دەبرێ کە ئەو ئایدیا و وێنایە بڵاو دەکاتەوە کە تەنیا ڕێبەرەکانی ئەوان نوێنەری ڕاستەقینەی “خەڵک”ن و خەباتی ئەوان دژی بەرەی دەستەبژێر/نوخبەیە. دەستەبژێر یان تاک، ئەو کەسەیە کە دەرگای کۆمەڵگە لە گرێژەنە دێنێت.
دکتۆر بێنجامین موفیت لە کتێبەکەیدا بەناوی (ڕاسانی جیهانیی پۆپۆلیزم)، تیشک دەخاتە سەر خاڵێکی زۆر گرینگ کە لە مێژووی دەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیەدا وەک ستراتیجێکی نەگۆڕ و شاراوە کەڵکی لێ وەرگیراوە. ئەویش ئەوەیە، ڕێبەرانی پۆپۆلیست دەیانەوێت دۆخی زاڵ هەمیشە دۆخی ئاوارتە و دانسقە بێت. دۆخێک تێیدا هەموو پیلان و دێزی و نەگریسییەک لەلایەن “ئەوینر”ی تەیار کراوە و دەتوانێت بەسەر خەڵکدا جێبەجێ بکرێت. دۆخێک دەبێت هەمیشە ئامادە و لەسەرپێ بین بۆی، شنگڵ لەخۆ دەین تا “ئەویتر”ی دوژمن، بێگانە و بەدکار زەفەرمان پێ نەبات.
دۆخی ئاوارتە و خەڵکئاراستەکردن و دواتر بەناوی ئەوانەوە هەموو شتێک کردن، جەوهەری پۆپۆلیزمی سیاسیی سەدەی 20 و ئێستەیش پێک دێنێت. ئەگەرچی قۆناغی ئێستە بەهۆی ڕەخسانی دەرفەتی ناڕەزایی و تێکدانی هاوکێشەکە لە زەرەری گوتارە سیاسییەکان، توخم و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە تۆڕ و ڕایەڵەی ڕاوکردنی ڕای گشتی و ئاراستەکردنی جەماوەر، ڕیتم و تانوپۆی خۆی نەگۆڕیوە و سەردەمیانە نەکراوەتەوە.
پۆپۆلیزم لەناو هەموو باڵە سیاسییەکان بە چەپ و ڕاستەوە، هەبوو و هەیە، بەرتەسککردنی مێژووەکەی بۆ قۆناغێکی دیاریکراو ڕەنگە بە ڕادەی پێویست لۆجیکی و ژیرانە نەبێت. لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت پۆپۆلیزم و بەکارهێنانی ناوی خەڵک، مێژووەکەی دێرینتر بێت لە سەردەمێک کە مرۆڤ و خەڵک پێگەیەکیان بۆ دانرا و ڕایان بەهەند وەرگیرا.
لە سیستمە پاشایەتییە ستەمکارە کۆنەکانیشدا، ئەگەرچی پاشا وەک نوێنەر یان تروومی خواکان قسەی کردووە و خۆی بەشێوەیەک لە شێوەکان بەستووەتەوە بە ڕەگەزێکی میتافیزیکی و بانسروشتەوە، بەڵام دواجار هەر پاشای “خەڵک” بووە و فرمانەکانی خودا یان خەونەکانی خۆی، بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. خەڵک لەم مێژووەدا و بە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە بووە کە دەلالەتێکی گشتیی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە و ئارەزووی یەکسانکردن و بە یەکزانینی هەموو کۆمەڵگە، تێبدا لە كوڵ و جۆشان بووە.
لە سەردەمی دیموکراسییە مۆدێڕنەکاندا بۆمان دەرکەوت، ئەو خواستە یەکسانساز و یەکخەرە ڕەهایە، تایبەتمەندیی سیستمە توتالیتار (پاشایەتی) و دیکتاتۆرەکان بووە و ڕێک دژی “تاک/نوخبە” دەوەستێتەوە. تاک لێرەدا نەک کەس یان تێڕوانینێک کە دژایەتیی “خەڵک” دەکات، بەڵکوو وەک نیشانە و هەلی بوونی دیموکراسی و ئازادییەکە کە مرۆڤ بەهۆی گەشەی عەقڵی حوکمڕانی و ژیاریی و… پێی گەیشتووە کە تێیدا ڕاوی تاک و کۆ دەبیسترێت، بەڵام ئەمە تەنیا یەکێک لە جەمسەرەکانی ئەم دەستەواژەیە و گۆڕانکاریی لە دەلالەت و کۆنتێکستەکانی لە سەردەم و قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا.
ئەگەر بمەوێت بەشێوەیەکی قووڵتر و لە ڕەهەندی ترەوە چاوی لێ بکەم، دەڵێم پۆپۆلیزم (نەک وەک بزووتنەوەی سیاسی و…)، بەڵکوو وەک ئاراستەکردنی ڕای خەڵک و بەکارهێنانیان لەلایەن ئاین، تاک، هێز، ڕەوت، ڕێبەر و… لە لایەک و فریوخواردن و چاوبەستبوونی “خەڵک”یش لە لایەکی دیکەوە، مێژوویەکی دوورودرێژتری هەیە، لە خوێندنەوە ئاراستەكەر و ئامانجدارە مۆدێڕنەکاندا لەناو گوتارە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی ئێستەدا.
خەڵک هەمیشە لە بەردەم بەکارهێنان و چاوبەستکردندا بووە و ڕەنگە ئێستەیش “خەڵک” توانای خۆڕزگارکردنی لەم داو و هاوكێشە ئاڵۆزە نەبێت، بۆیە ڕەوایە بپرسین خەڵک بە ڕاستی کێیە؟ کێ و کامانەن ئاراستەیان دەکەن؟ گرینگتر لەوەیش، خەڵک تا کەی دەیەوێت ئاراستەکراو و چاوبەستکراو بێت؟
ئەم باس و پرسیارانە نابێت تووشی ئەو هەڵەیەمان بکات کە خۆمان لەم تۆڕە جاڵجاڵۆکەییەی جیهانی دیجیتاڵ و زانیاری و … لە دەرەوەی خەڵک و سەرووتر لە خەڵک بزانین. واتە ڕەنگە بتوانین بڵێین سەردەمی ئێستە سەردەمی پان و بەرینتربوونی ڕایەڵەی پۆپۆلیزمە، بە مانا و دەلالەتی نوێ، لە ڕێگەی بەکارهێنان و دۆخ و هاوکێشەی نوێوە. ئەگەر خەڵک لە سەردەمانی پێشووتر بەهۆی باوەڕێکی ئاینی و ئەفسانەیی یا بەهۆی لایەنداریی سیاسی و حزبی و… دوای ڕێبەر یان دەق و مانیفێستێک دەکەوتن، ئەوا ئێستە لە دۆخێکدایە توخمە لەپێشینە و سەرترەکانی دەکات بە پێوەر بۆ چوونەژێر چەتری پۆپۆلیزم.
ئەوە ڕوونە كە ئەم توخمە لەپێشینە و ژیانییە، ژیانی مرۆڤە خۆیەتی، چارەنووسی مرۆڤی سەردەم بە تایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەندە بەو چەتر و خێمانەوە کە هەڵدراون و لە هەمبەر پێدانی ڕا و توانستی بژاردەیان، خوان و خەونێکیان تێدا بۆ بڕازێنرێتەوە. هاوکات ئەم توخمە ژیانییە خۆی لەناو بۆردمانێکی سات بە ساتی خەستوخۆڵدایە، لە سۆنگەی زانیاری و دەزگاکانی بڵاوكردنەوەی زانیاری و ئایدیا و خەونی شێوەژیان و… خەونێک کە هی خۆیان/خۆمان نییە، بەڵکوو تایبەت بە کەسانێکی نامۆ و نەناسراون کە ئەم هاوکێشەیەیان داڕشتووە.
ڕۆمانی گەردەلوول”ی میگل ئانخێل ئاستوریاس نووسەری گوتیمالایی براوەی نۆبڵ، گێڕانەوەی خەونی کرێکارانی گوێدەریای وڵاتێکی ئەمەریکای لاتین، بەشێوەیەکی هونەری و ناڕەزایەتییەکی سیاسی و مرۆیی و هاوکات بە ئەنجامێکی تراجیدی، پێمان دەڵێت: كەوتنە دوای خەونی کەسانی تر، با لە ناوەڕاستی نیۆیۆرک یان لە کۆشکی شووشەییشدا بێت، ئەنجامەکەی زۆر کارەساتاویترە لەو خەونانەی خۆت کە تا لێواری گۆڕیش پێیان نەگەی یان لە پێناویاندا گیان بەخت دەکەیت.
خەونسازیی لە سەردەمی ئێستەدا ئەو ئایدیا نوێكراوەوەیە کە خەڵک ئاراستە دەکات و وشیاری و هەست و نەستی دەشێوێنێت. وەک یەکێک لە تاکتیکەکانی هاوکێشەی داوتەنینی سەردەم، دەبێت باسی بکەین، بۆیە ئەم پرسیارانە ڕەوا و وشیارانەن: ئێمە چەند دەتوانین لە دەرەوەی ڕایەڵەی پۆپۆلیستیدا بژین؟ ئایا هەر جۆرە ڕایەکی دەستەبژێر و هەر شێوە بیرکردنەوەیەکی دژە فەزای زاڵ، وا دەکات ئێمە لە دەرەوەی ئەم ڕایەڵەیەدا خۆمان ببینینەوە؟ یا بە دەربڕینێکی میتافۆڕیانە، تەیمانێکی جیهانی لە سۆنگەی سیاسەت و تەکنەلۆجیا و گوتارە هەرەوەزخوازەکانەوە، کۆمەڵگەیەکی گەورەی مێگەل و گاڕانی بەرهەم نەهێناوە کە هەر “تاک”ێکیان دەتوانێت وا بیر بکاتەوە لەویتر جیاوازە، بەڵام پێدەچێ واش نەبێت؟ ئایا بیرکردنەوە تەنانەت لەم ئاستە سەرەتاییە كەسییەدا، پرژێک لەم تەیمانە ناشکێنێت تا جیهانی دەرەوەی ئەم تەیمانە هەست پێ بکەین و گومان و بوێریی بکەین بە چاوساغ، بۆ دەرچوون؟












Leave a Reply