هەفتەی رابردوو محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بە سەردانێكی فەرمیی چەند رۆژە گەیشتە بەغدا و لەگەڵ تەواوی بەرپرسانی حكوومەتی و سیاسیی عێراق كۆبووەوە، جیا لە میلیشیاكان، سەرچاوەیەكی سیاسیی عێراقی ئاماژە دەكات كە زنجیرەیەك رێنوێنی بە سەركردە شیعەكان داوە و ئەوانیش رەتیان نەكردووەتەوە، لەوانە درێژكردنەوەی ماوەی دیاریكراو بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان.
بەپێی سەرچاوەكە كە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە نزیكە، پلانەكەی ئێران و قالیباف بریتییە لە درێژكردنەوەی بواری دیاریكراو بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان بە لایەنی كەم بۆ شەش مانگ، بەڵام مەبەستەكە لەوە دوورترە، نەك تەنیا بۆ فەراهەمكردنی كات و بواری زیاتر بۆ میلیشیاكان بۆ خۆرێكخستنەوەی سەربازییانە، بەڵكو بۆ كوشتنی كات بۆ تاران تا كاتی روونبوونەوەی گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا و نەمانی گرژییەكانی نێوانیان، تا ئەوكاتیش دەبێت دۆسیەی عێراق بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە، وەك دوورترین سیناریۆش تا كۆتایی ماوەی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا.
سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، بە مانایەكی وردتر، ئەوەی لە عێراق گقتوگۆی لەسەر دەكرێت و هەوڵی بۆ دەدرێت، داماڵینی چەك نییە، بەڵكو ئیدارەدانی چەك و شاردنەوەیەتی بە شێوەیەكی كاتی، تا كاتی دووبارە بەكارهێنانەوەی بەپێی فەرمان و حیساباتی ئێران، یان بە لایەنی كەم چاوەڕوانكردن تا كاتی فەراهەمبوونی ژینگەیەكی لەبارەی ناوچەكە و نێودەوڵەتی و رەخسانی دۆخەكە بەو شێوەی لە بەرژەوەندی ئێراندا بشكێتەوە.
















Leave a Reply