وەڵامی ئێران بۆ ئەمەریكا چی بووە؟

بینەر: (1.2K)

دوێنێ ئێران رای گەیاند كە وەڵامی پێشنیازێكی ئەمەریكای لەبارەی وەستانی شەڕ و كۆتاهێنان بە ئاڵۆزییەكان لە گەرووی هورمز داوەتەوە، شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وەڵامەكەی ئێرانی رەت كردەوە، ئێستە تۆپەكە لە یاریگەی ئەمەریكایە، بەڵام وەڵامەكەی ئێران چی بووە؟

لیوا عەزیز جەعفەری فەرماندەی پێشووتری سوپای پاسداران و فەرماندەی بارەگەی بەقیەتوڵای كولتووری و كۆمەڵایەتی رای گەیاند كە وەڵامەكەی ئێران بۆ ئەمەریكا لەسەر بنەمای پێنج پێشمەرجی سەرەكی داڕێژراوە، كە بریتین لە داواكارییە رەواكانی ئێران، بۆیە هیچ دانوستانێك ناكرێت تا ئەو پێنج مەرجەی ئێران جێبەجێ نەكرێت، چونكە ئەمەریكییەكان لە رێگەی هەڵگەڕانەوە لە بەڵێنەكانیان سەلماندیان كە بە هیچ رێككەوتنێك پابەند نابن، بۆیە بەهۆی ئەو بێمتمانییە بە ئەمەریكا، ئاساییە تیمی دانوستانكاری ئێران بە رێنوێنیی رژێمی فەرمانڕەوا لە تاران، دابینكردنی مافەكانی ئێران بكاتە پێشمەرج.

سەبارەت بە مەرجەكان جەعفەری گوتی، ئەگەر شەڕ لە هەموو بەرەكان نەوەستێت و گەمارۆی دەریایی و سزاكان لانەبرێن و پارە بلۆككراوەكانی ئێران ئازاد نەكرێن و قەرەبووی زیانەكانی شەڕ نەكرێتەوە و ددان بە دەسەڵاتی ئێران لەسەر گەرووی هورمز دانەنرێت، هیچ گەڕێكی تری دانوستان نابێت، ئەوە داواكاریی گەلی ئێرانە لە تیمی دانوستانكار و پەیامی ئێرانییەكانە بۆ ئیدارەی ئەمەریكا.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار، وەڵامەكەی ئێران بۆ پێشنیازێكی ئەمەریكا لە 14 بڕگە پێك هاتووە، ئێران نەرمی نواندووە، بەتایبەتی لە دۆسیەی ئەتۆمی، لەسەر تاوتوێكردنی دۆسیەی ئەتۆمی لە ماوەی 30 رۆژ رازی بووە، كە پێشتر رەتی دەكردەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *