هەڵمەتێكی رەشبگیری لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەستی پێ كردووە

بینەر: (1.5K)

سوپای پاسداران هەڵمەتێكی تری گرتنی لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەبیانووی سیخوڕی ئیسرائیل دەست پێ كردووە، لە كاتی بۆردمانەكانیش لەناو هاووڵاتییان بەتایبەت لە گرتووخانەكاندا خۆیان دەشارنەوە.

بەهۆی بۆردمانی چڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر بنكە تەناهییەكان ئەندامانی سوپا، شوێنی خۆیان جێهێشتووە و لەناو گرتووخانەكانی ورمێ، سنە، مەهاباد، سەقز، كرماشان و ئیلام خۆیان حەشار دەدەن، ئەمەش مەترسی راستەوخۆی بۆ سەر ژیانی گیراوەكان دروست كردووە.

كەسوكاری گیراوەكان بە “وشە”یان راگەیاند، رۆژانە ئەندامانی سوپا لەناو گرتووخانەكان خۆیان دەشاردنەوە، ئەوەش بارودۆخی گیراوانی سەخت كردووە و وا دەكات ئەوانیش بەر هێرشەكان بكەون.

بەپێی زانیارییەكانی “وشە”، سوپای پاسداران هەڵمەتێكی ڕەشبگیریی دەست پێ كردووە و تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەخەنە پاڵ چالاكان و ئەو كەسانەی گومانیان لێ دەكەن خۆپێشاندان بكەن.

سەرچاوە ناوخۆییەكانی مەهاباد رایان گەیاند، دوای وێرانبوونی بارەگا سەربازییەكان لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانەوە، سوپای پاسداران و ئیتڵاعات نەخۆشخانە، قوتابخانە و سەنتەرە پزیشكییەكانیان كردووەتە كۆگەی چەك و تەقەمەنی.

ئەم هەنگاوە وەك تاكتیكێك بەكار دێت بۆ ئەوەی لە بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكان بپارێزرێن، ئەمەش ژیانی هاووڵاتییانی سڤیلی خستووەتە مەترسییەكی گەورەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *