“لە دۆسیەی داماڵینی چەك ئێران لە خەمی لەدەستدانی كارتێكی گوشاریەتی لە عێراق”

بینەر: (1.1K)

دوای سووریا و لبنان، ئەمەریكا گوشار لە حكوومەتی عێراق دەكات بۆ هاتنەدەرەوە لە بازنەی هەژموونی ئێران، ئەو بابەتەش تەنیا بە لێكهەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان و داماڵینی چەكیان دەبێت، كە لە چەكی حكوومەتی عێراق بەهێزترە، ئێران بەوە رازی نییە و رێگرە لەوەی ئەو میلیشیایانەی ساڵانێكە وەك ئامرازی دەسەڵات و هێز لە عێراق دروستی كردوون، لەناو ببرێت.

فیراس ئەلیاس توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات، كڕۆكی جموجۆڵی ئێران بۆ دەستوەردانی لە پرۆسەی داماڵینی چەك لە عێراق و گۆڕینی ناوەڕۆك و كاتەكەی، تەنیا بەهۆی چەكی ئەوانەوە نییە، بەڵكو هەوڵێكە بۆ لەدەستنەدانی یەكێك لە گرنگترین كارتەكانی دەسەڵات و هێزی لە عێراق و ناوچەكە كە دوو دەیە ساڵە بنیاتی ناوە، ئێران درك بەوە دەكات كە داماڵینی تەواوەتیی چەكی میلیشیاكان واتە گۆڕانكاری ریشەیی لە هاوسەنگیی هێز لە عێراق، بۆیە بەرژەوەندی ئەو وا دەخوازێت ئەو هەڵمەتە لە بڕیارێكی پێوەستكراو بە كات، بۆ پرۆسەیەكی كراوەی سیاسی بگۆڕێت بتوانرێت درێژ بكرێتەوە و دانوستانی لەسەر بكرێت.

روونی كردەوە، شەش مانگی پێشبینیكراو لە لایەن ئێرانەوە تەنیا كات نییە، بەڵكو بوارێكە بۆ تاقیكردنەوەی ئاراستەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا، بۆ رێكخستنەوەی میلیشیاكان و گەڕانە بە دوای چارەسەرێك كە دەسەڵاتی ئەوان لە عێراق بێتە پاراستن، ئەگەر بە گۆڕینی شێوە سەربازییە كۆنەكەشیان بێت، بۆیە گواستنەوەی سەركردەی میلیشیاكان بۆ پۆستە سیاسی و دیپلۆماسییەكان و هەڵگرتنی چەكەكانیان لە بری داماڵینی، چارەسەری بابەتەكە ناكات، بەڵكو هێزی میلیشیاكان دەباتە ناو دامەزراوەكانی دەوڵەت، بێ بوونی گەرەنتیی كۆتاهاتنی توانای ئەوان بۆ گەڕانەوە و بەكارهێنانی ئەو چەكانە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *