لیژنەیەكی نێودەوڵەتی بۆ بەدواداچوونی پارە دزراوەكان دەگاتە بەغدا

بینەر: (81)

ساڵانێكە پارە و سامانی عێراق بە چەندان رێگەوە بەهەدەر دەدرێت و سپی دەكرێتەوە و دەبردرێتە دەرەوە، ئێستە هەڵمەتێكی ناوخۆیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستی پێ كردووە، سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژە دەكات كە لیژنەیەكی نێودەوڵەتی لە ژمارەیەك شارەزای بەدواداچوونی پارە دزراوەكان گەیشتووەتە بەغدا بۆ پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی گەڕاندنەوەی پارەكان بە هاوكاریی لایەنە فەرمییەكان.

بەپێی سەرچاوەكە، لیژنە نێودەوڵەتییەكەس بەر لە چەند رۆژێك گەیشتووەتە بەغدا، شارەزایانی ئەمەریكی و بیانی لەخۆ دەگرێت، هاتنیان بۆ پاڵپشتیكردنی تیمی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە لە بەدواداچوون بۆ پارە دزراوەكانی عێراق، ئەو شارەزایانە ئەزموونیان لە بەدواداچوونی جموجۆڵی پارە لە دنیا هەیە، بەتایبەتی دۆلار، كە ئەوەش یارمەتی بەغدا دەدات بۆ دیاریكردنی شوێنی هاتن و چوون و تێوەگلاوان لە دزینی پارەی گشتی و بردنەدەرەوەی.

سەرچاوەكە ئاماژەی كرد، لیژنەكە دەستی بەكارەكانی كردووە بە مەبەستی چڕكردنەوەی هەوڵی راوەدوونانی تێوەگلاوان لە دزینی سامانی گشتی، بۆیە ماوەی داهاتوو گرتنی ژمارەیەك لە نەهەنگەكانی گەندەڵی بەخۆیەوە دەبینێت، رێوشوێنەكانیش تەنیا وەزیر و بریكار و بەڕێوەبەرانی گشتی ناگرێتەوە، بەڵكو لایەنە سیاسییە تێوەگلاوەكانیش دەگرێتەوە و ئەوان لە كاتی خۆیدا ئاشكرا دەكرێن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *