كێ دەبێتە وەزیری دارایی عێراق؟

بینەر: (866)

دیاریكردنی عەلی زەیدی وەك كاندیدی فەرمیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و راسپاردنی ئەوەندە خێرا بوو، هێزە سیاسییە شیعەكان هێشتا بەسەر ناكۆكییەكانیان لەبارەی پۆستە ویزارییەكان زاڵ نەبوونە و ململانێ دەكەن، لەوكاتە بڕیارە ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر كابینەی نوێی حكوومەت بە تەواوی یان بە ناتەواوی بدرێت، یەكێك لەو پۆستانەی هێشتا كێبەركێی لەسەرە وەزارەتی داراییە.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار ژمارەیەك كاندید هەن كە ركابەری لەسەر پۆستی وەزارەتی دارایی لە كابینەی نوێ دەكەن، ئەگەرێكیش بۆ مانەوەی تەیف سامی لە پۆستەكەی لەم كابینەیەش هەیە، هاوكات گفتوگۆ بەردەوامە و ئەمشەو كۆبوونەوەیەكی یەكلاكەرەوەی چوارچێوە بۆ ئەم مەبەستە هەیە، بەپێی سەرچاوەكان عەلی زەیدی راسپێردراو داوای لە هێزەكانی چوارچێوە كردووە هەردوو وەزارەتی دارایی و ناوخۆی لە پشكی خۆی بن، واتە خۆی دوو كەسی شایستەیان بۆ دیاری بكات، ئەوەش دوای ئەوەی دوای گفتوگۆ و لێكگەیشتنە سیاسییەكان ئەو وەزارەتە بۆ رەوتی حیكمەی نیشتمانی یەكلا بووەتەوە.

هەر بەپێی سەرچاوەكان لەو ناوانەی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دارایی خراونەتە روو، محەمەد ساحب دەراجی، كە زیاترین چانسی هەیە، عەلی كەریم حەسەن بەڕێوەبەری گشتیی بانكی رافیدێن، ئەویش كاندیدە، بەڵام پێشتر تۆمەتی قاچاغی دۆلار و پێشێلكاریی دارایی و كارگێڕی لەسەر هەبووە، جیا لەو ناوانە باسی عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی دەكرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *