سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق سەركۆنەی هێرشەكانی ئەمڕۆ دەكات

بینەر: (943)

ئەمڕۆ دووشەم سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق سەركۆنەی هێرشە درۆنییەكانی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەرپرسی ئاژانسی پاراستنی كرد و دووپاتی كردەوە پێویستە عێراق لە ململانێ و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە دوور بخرێتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق، سەركۆنەی هێرشەكەی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەرپرسی ئاژانسی پاراستنی هەرێم دەكەین، ئەو دەستدرێژییە پەرەسەندنێكی مەترسیدار و رەتكراوەیە بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایشی هاووڵاتییانی و سەقامگیریی دامەزراوەكانی.

بەیاننامەكە دووپاتی كردەوە كە ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەشێكی دانەبڕاوە لە ئاسایشی عێراق و كردنەئامانجی هەر بەشێكی خاكەكەی یان بەرپرس و دامەزراوەكانی بە هەر پاساوێك و لە هەر دۆخێك قبووڵ نەكراوە، پێویستە حكوومەتی فیدراڵی و دەزگا پێوەندیدارەكان هەڵوەستە لەسەر دەستدرێژییەكە بكەن و رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی وەربگرن و رێگری لە دووربارەبوونەوەی بكەن.

لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە، پێویستە عێراق لە ململانێ و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە دوور بخرێتەوە و رێز لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكەكەی بگیرێت و لە رێگەی دانوستان و كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە چارەسەری ناكۆكییەكان بكرێت، بەو جۆرەی ئاسایشی عێراق بێتە پاراستن و ناوچەكەش لە پەرەسەندنی زیاتر دوور بخرێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *