جیا لە هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە ئێران بە سەپاندنی توندترین سزای ئابووری بەسەر ئەو وڵاتە، بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزاكان رابگەیەنێت، سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتی كردەوە كە كلیلی دەربازبوون لەو سزایانەی ئەمەریكا هاوكاریكردنی حكوومەتە، كە سوپای پاسداران ئامادەیە بۆ لەو شەڕەدا پاڵپشتی حكوومەت بكات.
سوپاكە لە بەیاننامەیەكدا گوتی، شەڕی ئابووری گۆڕەپانی سەرەكیی شەڕە لەگەڵ ئەمەریكا، واشنتن هەوڵی چاندنی بێهیوایی و گوشاركردن لەسەر بژێوی گەلی ئێران دەدات بۆ پاڵنانی بەرەو رووخانی متمانەی كۆمەڵایەتی.
ئەمڕۆ سكۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا دەست پێكردنی گەورەترین گوشاری دارایی و ئابووری بۆ سەر ئێران لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەم راگەیاند و گوتی، ئەمڕۆ رۆژی دەست پێكردنی حسیابە لەگەڵ ئابووریی ئێران و لە بەیانی ئەمڕۆوە گەورەترین سزا و گەمارۆی دارایی و ئابووری بەسەر ئێران دەسەپێنین.
زیاتر گوتی، ئامانجمان لەو هەڵمەتە بڕینی شادەماری ئابووریی ئێران و مانەوەی رژێمەكەیەتی بە مایەپووچی، سەرجەم ئەو وڵاتانەشی چارەنووسیان بە تاران دەبەستنەوە، دەبێ چاوەڕوانی داخرانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە رووی خۆیان لە هەموو رووەكانەوە بكە، ئاشكرای كرد، هەر دەوڵەتێك وەك سەرچاوەی دارایی بۆ رژێمی ئێران كار بكات و مامەڵەی لەگەڵدا بكات، بە تەواوی لە دنیا دادەبڕێنرێت و گۆشەگیر دەكرێت.
















Leave a Reply