دوای ئەو پاڵپشتییە گەورە دەرەكییەی لە كاندیدكردن و راسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقی كرا، جیا لە بێدەنگیی میلیشیاكان، تەواوی هێزە سیاسییە ناوخۆییەكانی عێراق بە هەموو پێكهاتەكان پاڵپشتیان بۆ زیدی پێشان داوە، سوننە دووپاتی دەكەنەوە كە لە دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە متمانەدان بە كابینە و بەرنامەی حكوومەتی زەیدی ئامادە دەبن.
شەمووی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، لە هەولێر لە لایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هاتە پێشوازیكردن، دوای ئەوە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە و باسی داواكارییەكانی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستانیان لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق كرد.
ئەمڕۆ دووشەم ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی، كە زۆرینەی هێزە سیاسییە سوننەكانی لەخۆ گرتووە، دووپاتی كردەوە كە ئامادەن بۆ بەشداریكردن لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر كابینە و بەرنامەی حكوومەتی عەلی زەیدی، ئەوەش لە میانی سەردانیكردنی شاندێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ لای ئەنجوومەنەكە و كۆبوونەوەیان لە بارەگەی هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا.
بەپێی بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنەكە، هەردوولا باسی پێویستیی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقیان كردووە، جیا لە باسكردنی پۆستە ویزاری و داواكارییەكانی سوننە و جێكردنەوەیان لە بەرنامەی حكوومەتی نوی، كە لە دانیشتنی متمانەوەرگرتنی كابینەی نوێ ئەویش پەسند دەكرێت، جیا لەوانە باسی ئاڵنگارییە سیاسی ئابووری و تەناهییەكانیان لە عێراق و ناوچەكە كردووە.
















Leave a Reply