بەر لە دانیشتنی پەرلەمان چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ دەبێتەوە

بینەر: (1.6K)

بڕیارە لە ماوەی ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێك بۆ دەنگدان لەسەر كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و كارنامەی حكوومەتەكە بدات، لە لایەكی تر سەرچاوەكان باسی دەكەن كە هێشتا چەند وەزارەتێكی كابینەكە یەكلا نەبووەتەوە بەتایبەتی لە پشكی شیعە، ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستە ویزارییەكان و تەواوكردنی كابینەكە بەر لە دانیشتنی پەرلەمان كۆ دەبێتەوە.

عودەی عەبدولهادی ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە بەغدا بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پۆستە ویزارییەكان لەناو چوارچێوەكە ساز دەكات، روونی كردەوە، لێكگەیشتنی باش لە نێوان هێزەكانی چوارچێوە هەیە و كۆبوونەوەكە یەكلاكەرەوە دەبێت.

زیاتر گوتی، ئەگەری لە كۆبوونەوەكەی ئەمشەو ناوی كاندیدانی وەزارەتەكان بخرێتە روو، بەتایبەتی كە هەموو بارستەكان ناوی كاندیدانی خۆیان ئامادە كردووە، بۆیە دەتوانین ئەوە بڵێین كە زۆرینەی كێشەكانی پێوەندیدار بە دابەشكردنی وەزارەتەكان یەكلا كراونەتەوە و وێنەكە لە 24 سەعاتی داهاتوو بە تەواوەتی روون دەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، كاندیدانی پێكهاتەی كابینەی زەیدی تا ئێستە بریتین لە رێبەر ئەحمەد بۆ وەزارەتی دەرەوە و عومەر وائیلی بۆ وەزارەتی ناوخۆ و و یاسین عیساوی بۆ وەزارەتی پلاندانان و محەمەد نووری بۆ وەزارەتی پیشەسازی و بەدر فەحل بۆ وەزارەتی رۆشنبیری و خالید شوانی بۆ وەزارەتی داد و سروە عەبدولواحید بۆ وەزارەتی ژینگە و نەوزاد هادی بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و میقدام جومەیلی بۆ وەزارەتی پەروەردە، هەرچی جێگرانی سەرۆك وەزیرانن بریتین لە فوئاد حوسێن و موحسین مەندەلاوی و موسەنا سامەرایی.

هەر بەپێی زانیارییەكان، وەزارەتی بەرگری بۆ سابت عەباسی یەكلا بووەتەوە و چەند وەزارەتێك لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی ململانێیان لەسەرە لەوانە وەزارەتی نەوت، كە سوودانی و مالیكی و حەكیم چاویان لێیەتی، جیا لە پۆستە تەناهییەكان و وەبەرهێنان و دەستپاكی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *