باڵوێزخانەی ئەمەریكا: دیداری باراك لە بەغدا كۆك بوو لەگەڵ پلانەكانی ترەمپ

بینەر: (1.3K)

شەوی رابردوو تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا گەیشتە بەغدا و چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای عێراق كەوت لەوانە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق، ئەوان باسی چەند پرسێكیان كرد لەوانە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لەبارەی دیدارەكە تویتێكی بڵاو كردەوە.

وەك لە تویتەكەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا لە تۆڕی ئێكس لەبارەی دیدارەكەی باراك و سوودانی هاتووە، دیدارەكە بە بەرهەم بوو و تیایدا باسی ئامانج و خواستەكانی عێراق كرا، لە چەسپاندنی دواڕۆژێك لە سەروەری و سەقامگیری و گەشەسەندن، بەو شێوەی لەگەڵ دید و پلانەكانی سەرۆك ترەمپ دەگونجێت، كە مەبەست لێیان چەسپاندنی ئاشتی و گەشەسەندنە لە ناوچەكە.

روونی كردەوە، دۆخەكە پێویست بە سەركردایەتییەكی كارا دەكات كە چەند سیاسەت و هەڵسوكەوتێك پیادە بكات كۆڵەكەكانی سەقامگیری لە عێراق بەهێز بكەن و خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلی عێراق بكەن، كە خاڵێكی سەرەكییە بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەكانمان.

دوێنێ تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا گەیشتە بەغدا و راستەوخۆ چاوی بە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق كەوت، بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە دیدارەكەی بارك و سوودانی باسی پێوەندییە دووقۆڵییەكانی عێراق و ئەمەریكا كرا، جیا لە دۆخی گشتیی ناوچەكە و هەوڵی عێراق بۆ سەقامگیریی ناوچەكە و بەتایبەتی سووریا، هەر لە دیدارەكە بۆچوونی هەردوولا بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی دۆخی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا.

لە دیدارەكە سوودانی دووپاتی لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە قووڵەكان لە رێگەی دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆیان كردەوە، لای خۆیەوە باراك ئاماژەی بۆ گرنگیی رۆڵی عێراق لە چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكە و كەمكردنەوەی گرژییەكان و گفتوگۆ و رووبەڕوەوبوونەوەی تیرۆر كردەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *