لە ماوەی دوایی چەند راپۆرتێك سەبارەت بە بوونی بنكەیەكی نهێنیی سەربازی لەسەر خاكی عێراق لە بیابانەكانی نەجەف و كەربەلا بڵاو كرانەوە، ئەوەش مشتومڕێكی گەورەی لە عێراق دروست كردووە، شانەی راگەیاندنی تەناهی بوونی ئەو جۆرە بنكە و هێزانە لەسەر خاكی عێراق رەت دەكاتەوە.
ئەمشەو شانەی راگەیاندنی تەناهی سەر بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، بە گرنگییەكی زۆرەوە چاودێریی لێدوان و هەواڵەكان لەبارەی بوونی بنكە و هێزی نەناسراو و رێگەپێنەدراو لەسەر خاكی عێراق دەكەین، بەتایبەتی لە بیابانی كەربەلا لە رۆژهەڵاتی نەخیب و نەجەف.
روونی كردەوە، پێشتریش وردەكارییەكەمان راگەیاند و هێزە تەناهییەكان لە پشكنینی تەواوی ناوچەكە تا گەیشتن بە سنوورەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەردەوامن، راپۆرتی فەرماندە تەناهییەكانیش دووپات لە نەبوونی هیچ بارەگە و هێزێكی رێگەپێدنەدراو لەسەر خاكی عێراق لە ماوەی رابردوو تا ئەمڕۆ دەكەنەوە.
ئاماژەی كرد، دووپاتی دەكەینەوە كە هەندێك هەوڵ دەدەن سیاسییانە سوود لەو رووداوە وەربگرن، بێ زانینی راستییەكان موزایەدە لە لێدوان دەكەن، هەموو ئەو لێدوانانەش زیان بە ناوبانگی عێراق و فەرماندە تەناهییەكانی دەگەیەنێت، دووپاتی دەكەینەوە كە رێوشوێنی یاسایی لە دژی هەموو ئەوانە وەردەگیرێت كە زانیاری بەلاڕێدابەر و دەنگۆی وا بڵاو دەكەنەوە كە پەیامی نەرێنی لەبارەی سەروەریی عێراق و شكۆ و قوربانیدانی دەزگە تەناهییەكانی دەگەیەنن.
















Leave a Reply