پێشەکی:
ئەگەرچی لەم سەردەمەی جیهانی دیجیتاڵ و هەبوونی کتێبی زۆر و زەوەندی ئەلیکترۆنی و ماڵپەڕ و پەیجی فرە و باسکردن لە کتێبی کاغەزی وەک ئامرازی ڕەسەن و سەرەکیی پێوەندیی لەگەڵ نووسەر یان دانەر و ئاشنایەتیی لەگەڵ ئەندێشە و مەعریفەکانیان شتێکی نەگونجاو دەنوێنێت، بەڵام لە بنەڕەتدا وانییە و شتەکە نەک نەگونجاو نییە، بەڵکوو هەندێ ڕەهەندی شاراوەی سیاسی و کولتووریی قووڵی تێدایە کە بە نیسبەت کوردەوە پێوەندیدارە لەگەڵ بە قاچاخکردنی هەر دەرکەوتە و دیاردەیەک کە شوناسی کوردیی پێ ببووژێتەوە و پاراو بکرێت.
هەڵە تێممەگەن بە نیسبەت کوردەوە دۆسییەی بە قاچاخکردنی کولتوور دۆسییەیەکی دەیان ساڵەی کراوەیە، بەڵام تەکنیک و یارییەکانی تەنیا لەناو هاوكێشەیەکی ڕوونی بە قاچاخکردن و ئازادبووندا نابینرێتەوە، بەڵکوو لەناو تاکتیکی “نیوە”مەندیدا خۆی پێناسە دەکات. قاچاخبوون یان ئازادبوونی شتێک، یاسا و تەنانەت عورفێکی ڕوون و ئاشکرای هەیە، بەڵام “نیوەقاچاخ” یان “نیوەئازاد”بوون، واتە ڕێگەی ئەوە هەیە هێزێک لە سەرووی هەر جۆرە یاسا و عورفێکەوە (با دژیشی بین) جەمسەرێکی دیکە بەناوی “کات” بێنێتە ناو یارییەکەوە و بڵێت منم دەیسەپێنم کەی شتێک قاچاخە و کەی ئازادە. ئەمە جەوهەری نیوەمەندیی و یاریی کولتووری سیاسیی و ئەمنی “نیوەمەند”ییە.
لەم هاوکێشەیەدا “نیوەمەندی” ئەو پوازەیە کە دەسەڵات دەتوانێت بە ئاسانی بە هەموو لقی درەختەکانی دارستان بوێرێت. واتە کتێب بە بوونی خۆی مادام کوردی بێت، بۆی هەیە باش بێت و بۆی هەیە خراپ بێت، دەکرێت قاچاخ بێت و دەشێت ئازاد و بێ کێشەیش بێت! ئایا لەم قۆناغی تەقینەوەی زانیاریی و سەروبنبوونی سنوورەکان و ئازادیی پێوەندییدا، ئێمە لەم ” نیوەمەندی” و “نیوەقاچاغ”ییە دەرباز بووین؟ بە سەرنجدان لە دۆخی کتێبی کاغەزیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سنووردارکردنی ئاڵشتکردن و گۆڕینەوەی بەرهەمە کولتوورییەکانی وەک کتێب، دەکرێت پێچەوانەی ئەمە بسەلمێنرێت و لە دوا پەلەقاژەکانی دەسەڵات، (بەڵام دیار نییە تا کەی بەردەوام دەبێت)، بۆ بەربەستدانان لە بەردەم گەشەی هەمەلایەن و بێسنووری چاند و ڕۆشنبیریی و.. کورد هەڵوێستە بکەین.
پەڕتووک و کتێبی ئەلیکترۆنی:
لێرەدا باسی من لەسەر ئەو کتێبانە نییە کە بەشێوەی ئەلیکترۆنی یان لە ڕێگەی ڕایەڵەیەکی مەجازی یاخۆ بەهۆی پێوەندیی لەگەڵ دانەر و… بە هەر شێوەیەکی مەجازی دەگاتە دەستی ئێمە و دەیخوێنینەوە. بێگومان ئەمە بەشێک لە کاری بۆ خوێنەر و نووسەر ئاسان کردووەتەوە، بە تایبەتی بۆ ئێمەی کورد کە لەگەڵ گرێدراوێتیی و یەکبوونێکی قووڵی کولتووریی دوودیوی باشوور و ڕۆژهەڵات، ئەمە زیاتر دەرفەت بووە تا هەڕەشە، بەڵام پرسیاری یەکەم ئەوەیە، مافی دارایی و کۆپی ڕایتی دانەر و نووسەر و… لەم هاوکێشەیەدا چی لێ دێت؟
ئەم پرسیارە قسە زۆر هەڵدەگرێت، بۆیە ڕژدبوونی من لەسەر پرسیاری دووەمە. واتە ئەو کتێبانەی نوسخەی ئەلەکترۆنییان نییە، چۆن بە دەستی ئێمە لەمبەری باشوورەوە دەگات؟ واتە بۆچی هێنان یان هێنانەوەی کتێبی کاغەزیی کوردی لە باشوورەوە بەرەو ڕۆژهەڵات، وەک کاڵایەکی نیوەقاچاخ سەیر دەکرێت؟
گومان لەوەدا نییە کە نابێت پێوەندیی ئێمە بە کتێبەوە پێوەندییەکی نیوەچڵ و دابڕاو بێت، بەو واتایەی هەر بە کتێبی ئەلیکترۆنییەوە خۆ گرێ بدەین، چونکە کتێبە ئەلیکترۆنییەکان بە زۆری و وەک ڕچەی باو، چەند ساڵ پاش چاپبوونی کتێبە کاغەزییەکە دەگاتە دەستی ئێمە. ئەم مەودا زەمەنییە بەبێ هەبوونی کتێبی کاغەزیی، بە زۆر ئێمە لە بازنەیەکی زەمەنیی دیاریکراودا بەند دەکات.
لەو حاڵەتەدا و لە باشترین فۆرمیدا، دەبین بە خوێنەرێکی سەرسەری و بگردەنی کە کتێب وەک جۆرە خۆشی و گەشانەوەیەك دەبینێت و دەتوانێت تا کاتی نادیاریش پێوەندیی لەگەڵی هەڵپەسێرێت، نووسەر و خوێنەری ڕژد دەتوانن بە کتێبی ئەلیکترۆنیش حەوجێ مەعریفی و پێویستییە فکری و ئەدەبییەکانی دابین بکات، بەڵام بابەتەکە کاتێک نوقسانی و مەترسییەکەی دەردەکەوێت کە یەک چرکە لەسەر ئەم ڕاستییە هەڵوێستە بکەین کە لەسەرەوە وتم، واتە زۆربەی زۆری ئەو کتێبە ئەلیکترۆنییانەی بەردەستمانن، ئەو کتێبانەن کە ساڵانێک بەسەر چاپ و بڵاوکردنەوەیاندا تێپەڕیوە، وەک نەریتێکی باش و باو! کاتی بووە بەشێوەی پی دی ئێف بڵاو بکرێتەوە.
ئەم ڕاستییە ئەگەرچی هەم تێچووی دارایی و هەمیش ئەرکی بەدەستهێنانی کتێب لە چاپخانە و کتێبفرۆشییەکی دوور لە جیۆگرافیای خۆت لە کۆڵ دەکاتەوە، بەڵام بەردەوام لە ساتێکی پێش هەنووکەدا دەتهێڵێتەوە، تۆ بەو ڕەوت و ڕیتمە هیچ کات نوێ نابیتەوە، دواهەمین ڕووداوە ئەدەبییەکان و ئاخرین هەوڵە فیکری، مەعریفی و زانستی و فەلسەفییەکان بەشێوەی تێروتەسەل بە زمانەکەی خۆت بەردەستت ناکەوێت و تەنیا وەک هەواڵ یان ئەوپەڕەکەی شیکارییەکی خێرا و ڕانانێکی سەرپێیی، لە تۆڕەیلی کۆمەڵایەتی دێتە بەرچاوت.
وا دیارە لێرەدا تەنیا یەک ڕێگاچارە دەکەوێتە بەردەممان، ئەویش ئەوەیە کتێبە کاغەزییە تازەکان دەست بخەین، واتە ئەو کتێبانەی پێویستمانن، بەڵام ئایا بۆ ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمە دەست دەدا؟ چونکە وەک وتم، ئەم بابەتە (ئەگەرچی هەموو کاتیش وا نەبێت) بەڵام بە زۆری و بەهۆی ئەو نیگا ئەمنییەوە، کتێب و… لە خشتەی کاڵا قاچاخ(نیوەقاچاخ!)ە نووسراو و نەبینراوەکاندا دانراوە، ئەگینا چۆنچۆنی دەبێت هێنان و هێنانەوەی کتێب لە خاڵە سنوورییەکان پڕ لە گیروگرفت بێت؟ زۆر نووسەر و وەرگێڕی ڕۆژهەڵات هەن دەتوانن شایەتیی ئەمە بدەن کە لەو گواستنەوەیەدا زۆرجار کتێبەکانی خۆیان و ئەو کتێبانەی پێویستییان بووە، لە خاڵە گومرگییەکانەوە گەڕێنراونەتەوە یان هەر فەوتاون! سەرباری ئەمانەیش، بۆ من پرسیارە بۆچی بەرانبەر ئەم بابەتە بێدەنگیی کراوە؟
من باسی ئەزموونی خۆمتان بۆ دەکەم، ئەوەندەی یادگەم یاریدەم بدات و بیرم بخاتەوە، دوو قۆناغ کە تەواوکەری یەکترین لە دروستکردنی ئەم فەزا ئەمنیی و بە نیوەقاچاخکردنەی کتێبدا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە:
قۆناغی یەکەم بە گشتی دوای هاتنەسەرکاری مەحمود ئەحمەدینەژاد وەک سەرۆککۆمار بوو کە لایەنی كۆنەپارێز بە تەواوەتی و بە هەموو هێزەوە هێنرانەوە چەقی هەموو ناوەندە ورد و درشتەکانی دەسەڵات، لە بازاڕی دۆندرمەوە بگرە تا گۆرەوی و کتێب (بەتایبەتی لە کوردستان، نەک هەر ئەمە، بگرە زۆرینەی زۆری ئەو گۆڤار و بڵاڤۆکە کوردی-فارسییانەیش کە هەبوون، داخران و جەغزێکی بڤەیان بە دەوردا کێشان) و هەتا دوایی.
قۆناغی دووەم بە تایبەتی پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوو کە کتێبی کاغەزیی کوردی و بەرهەمە کولتوورییە کوردییەکان حەساسییەتی زۆریان هاتە سەر، بێگومان بەشێکی درێژەی هەمان ڕێبازی كۆنەپارێز و خۆپتەوکردنیان لە سەردەمی ئەحمەدینەژاد بوو. ئەگەرچی دواتر لە سەردەمی ڕۆحانیدا فەزایەکی کاتیی ڕەخسا کە هەندێ بڵاوگە و دەزگای چاپی کوردی بە هەموو گوشارەکانەوە هەناسە بکێشن و بەردەوام بن
لە ڕەوتی پچرپچڕ و هەناسەسواری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و پەرەپێدانی وشەی کوردی. واتە کۆی دۆخەکە لە ڕۆژهەڵات ئاوای لێهات کە هەندێ دەزگای چاپ لەژێر چادێریی و ودمی ئیدارەی ئیرشاد و دەزگا پێوەندیدارەکاندا، دیسان هەناسەیەک بدەنەوە بەر کتێب و بەرهەمە کولتوورییە کوردییەکان.
هەڵبەت ئەوانیش بێبەش نەبوون لە پشکنینی ناوەندە ئەمنییەکان، بەڵام باسی من ئەو کتێبانە و ئەو ڕووداوە ئەدەبی، مەعریفی، فکری و… کە لە باشووری کوردستان وەک هەرێمێکی نیمچەسەربەخۆ بەرهەم دێن و ڕوو دەدەن. واتە ئەو کتێبە پێویستانەی جاران لە باشووری کوردستان و لەڕێگەی سنوورەکانەوە دەهاتن بەمدیودا، گوایە هەر بە نیوەقاچاخ! واتە جارانیش ئەگەرچی هەر توندوتۆڵییان دەکرد، بەڵام شلیشیان دەکرد.
ئێستە هێنانی کتێبی کوردی لە باشوورەوە بەرەو ڕۆژهەڵات، ئەوەندە هەستیارە، کۆڵبەریش ناوێرێ بگوازێتەوە یان باشترە بڵێم نازانێت کەی بیهێنێت! من ناڵێم هێنانی مەحاڵە، بەڵام زۆر ئەستەمە، بۆیە پرسیارەکە ئاوای لێ دێت، كاتێك سیستم و ڕژێمێک کە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەی بەرتەسک و سنووردار بوار بە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردیی دەدات، بۆچی دەبێت هێنانی کتێب لە باشوورەوە وەک بابەتێکی قاچاخ و هەڕەشەدار ببینێت؟ یان با بڵێین کاتی قاچاخبوون یان ئازادبوونەکەی نازانرێت کەیە؟ واتە هەمان تەکنیکی نیوەقاچاخبوون!
ئایا وشیاریی سیاسیی هەرێم و بەشێک هەژموونی کولتووریی باشوور بە سەر ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەدا و دانوستانی بەهێز و بزۆزی دوو پارچەی باشوور و ڕۆژهەڵات، و هاوبەشیی زمانیی هەردوو پارچە و … واینەکردووە ئەم بۆشاییە ببینرێت و بیر لە چارەسەرێک بکاتەوە بۆی؟ ئەگەر وابزانین بە کتێبی ئەلیکترۆنی و دەنگیی هەموو کێشە و بەربەستەکان نامێنن، بێگومان قووڵایی بابەتەکەمان نەبینیوە، چونکە وەک لە سەرەوە ئاماژەم دایە، بەپێی مافی کۆپی ڕایت بێت، هەر کتێبێک چەند ساڵ یان بگرە چەندان ساڵ دەبات تا دەبێت بە نوسخەی ئەلیکترۆنی و ئێمەی نووسەر و خوێنەر و… دەبێت ئەم هەموو ماوەیە ڕاوەستین تا دیسان هەمان قەوان لێ بدرێتەوە و بە ئەلیکترۆنی بیخوێنینەوە و مافی کۆپ ڕایتی نووسەریش لە ئاستێکدا فت!
ئەمە پرسێکی گرینگ و ڕژدە و دەبێتە هۆی دابڕانێکی زەمەنیی نووسەران و خوێنەرانی ڕۆژهەڵات لە ڕەوتی گەشە و ڕووداو و پێشهاتە ئەدەبی، هزری و مەعریفییەکان لە باشوور. ئەگەرچی بەشێک لە دەزگاكانی چاپی رۆژهەڵات هەندێ کتێبی نووسەرانی باشووریان چاپ کردووەتەوە، بەڵام ئەمە دادی ئەم قەیران و کەلێنە گەورەیە نادات.












Leave a Reply