ڕیفراندۆم، لە بنبەستی فیدراڵییەتەوە بۆ چەسپاندنی ئیرادەی نەتەوەیی

بینەر: (20)

پرسی سەربەخۆیی و دیاریکردنی چارەنووس، لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کوردستاندا، تەنیا خواستی دەستە و لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو نەبووە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئاواتێکی لەمێژینە و دەیان ساڵەی نەتەوەیەک بووە کە لە دوای دابەشکردنی ناوچەکە و دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، هەمیشە لە ململانێی پاراستنی ناسنامە و بوونی خۆیدا بووە. ڕاپرسی 25ی ئەیلوولی 2017 لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەو چوارچێوە مێژووییەدا ساتەوەختێکی جیاکەرەوە و وەرچەرخان بوو. ئەم رووداوە تەنیا چالاکییەکی سیاسیی کاتی یان بڕیارێکی سەرپێیی نەبوو، بەڵکو دەربڕینی ڕاستەوخۆ و ئاشتییانەی ئیرادەی گەلێک بوو کە دوای تاقیکردنەوەی تەواوی فۆرمەکانی بەشداریکردن لەگەڵ ناوەند، گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ڕێگەی دەستەبەرکردنی مافەکانی لە بەغدا، گەیشتووەتە بنبەست.

ڕەگوڕیشەی مێژوویی و داڕمانی بنەماکانی هاوبەشی

بۆ تێگەیشتن لە پاڵنەرەکانی ڕیفراندۆم، ناكرێت تەنیا تەماشای رووداوەکانی 2017 بكرێت، بەڵکو پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئەزموونە تاڵەی گەلی کورد بە درێژایی مێژوو لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا چەشتوویەتی. لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقەوە تا دەگاتە ئەنفال و کیمیاباران، پێوەندیی نێوان کوردستان و بەغدا هەمیشە لەسەر بنەمای بەکارهێنانی هێز و سەپاندنی ئیرادەی لایەنی بەهێز بووە.

پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003، دەرفەتێکی زێڕین هاتە ئاراوە تا پێوەندییەکان لەسەر بنەمایەکی نوێ بەپێی دەستوور لە 2005دا بنیات بنرێنەوە. گەلی کوردستان بە ئومێدێکی زۆرەوە بەشداریی پرۆسەی سیاسیی عێراقی نوێی کرد و سیستمی فیدراڵی پەسند کرد، بەو هیوایەی ببێتە سەرچاوەیەک بۆ جێگیرکردنی مافەکانی، بەڵام پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە دەیەیەک، ڕوون بووەوە عەقڵییەتی ناوەندگەرا لە بەغدا نەگۆڕاوە.

جێبەجێنەکردنی مادەی 140ی دەستوور تایبەت بە ئاساییکردنەوە و دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بڕینی بەشە بودجەی كوردستان و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە، هەوڵە بەردەوامەکان بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، سەلماندی هاوبەشیی ڕاستەقینە لە عێراقدا نییە. ئەم بنبەستە دەستووری و سیاسییە، ژینگەیەکی دروست کرد کە تێیدا بیرۆکەی بڕیاردان لە ئایندەی نەتەوەکە بوو بە پێداویستییەکی سەردەمەكە.

ڕۆڵی سەرکردایەتیی و دەستپێشخەریی نیشتمانی

لەناو ژینگەیەکی ئاڵۆز و پر لە هەڕەشەدا، بڕیاری ئاڕاستەکردنی پرسیاری سەربەخۆیی بۆ ڕای گشتی، گرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی قورس بوو. لەو قۆناغە هەستیارەدا، سەرۆک مەسعوود بارزانی ڕەهەندێکی کارێزمایی خاوەن بڕیار و ڕۆڵێکی باڵای بینی. بە پێداگریی لەسەر ئەوەی شەرعییەتی ڕاستەقینە لە دەنگی گەلەوە وەردەگیرێت نەک لە ڕێککەوتنی سیاسیی شاراوە، پرۆسەی ڕیفراندۆمی خستە سەر ڕێڕەوی جێبەجێکردن.

سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لەو بڕوایەدا بوو کە ناردنی پەیامی ڕاستەوخۆی جەماوەر بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەنگی دۆزی کورد بەهێزتر دەکات. سەرەڕای دروستبوونی گوشاری سەخت و بەردەوامی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ پاشگەزبوونەوە یان دواخستنی پرۆسەکە، ئامادەیی و جووڵەی مەیدانی بۆ ڕێکخستنی جەماوەر و دروستکردنی کۆدەنگی لە نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستاندا، گەل بڕیاری خۆی دا. ئەم هەڵوێستە بوو بە سیمبولی پاراستنی ئیرادەی سەربەخۆ و ڕەتکردنەوەی جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی، لەسەر حسابی مافە بنەڕەتییەکانی خەڵک.

ڕۆژی دەنگدان: دەرکەوتنی ئیرادەی گەل

لە 25ی ئەیلوولی 2017، دیمەنێکی مێژوویی لە کوردستان تۆمار کرا. ملیۆنان هاووڵاتی لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و بە تایبەتی لە کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەرەو سندووقی دەنگدان چوون. ئەم بەشدارییە تەنیا دەنگدانێکی ئاسایی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان یان پارێزگاكان نەبوو، بەڵکو وەڵامدانەوەیەکی جەماوەری بوو بۆ پرسیارێکی چارەنووسساز: “ئایا سەربەخۆیی کوردستانت دەوێت؟”.

بەدەستهێنانی ڕێژەی 93٪ی دەنگی “بەڵێ”، سەلماندی خواستی سەربەخۆیی لە کوردستان سنووری حزب و ئایدۆلۆجیاکانی بڕیوە. گرنگیی ئەم ڕووداوە لەوەدا بوو، گەلی کوردستان پەیامی خۆی بە ئاشتییانەترین شێواز و لە ڕێگەی ئامرازی دیموکراتییەوە ئاڕاستەی جیهان کرد، ئیرادەکە لە سندووقی دەنگداندا ئاخڤی، نەک لە لولەی تفەنگەوە.

ڕیفراندۆم بوو بە تاپۆیەکی مێژوویی و بەڵگەنامەیەکی یاسایی کە ئیرادەی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستانی بۆ هەمیشە لە ئەرشیڤی سیاسیی جیهاندا چەسپاند.

کاردانەوە جیۆپۆڵەتیکییەکان و وڵاتانی دراوسێ

سەرەڕای سەرکەوتنی بێوێنەی پرۆسەی دەنگدان، قۆناغی دوای 25ی ئەیلوول ڕووبەڕووی ئاستەنگی سەختی جیۆپۆڵەتیکی بووەوە. هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکە و بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی لەگەڵ مانەوەی عێراق بە یەکگرتوویی، وایکرد وڵاتانی دراوسێ و زلهێز، هەڵوێستێکی ڕەق بەرانبەر ئەنجامی ڕیفراندۆم بنوێنن. ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکووک و ناوچەکانی تر لەلایەن بەغداوە، ئەوەیان دەرخست کە هاوکێشە سیاسییە دەرەکییەکان بە ئاسانی مل بە ئەنجامی پرۆسە دیموکراتییەکان نادەن، کاتێک لەگەڵ بەرژەوەندییە جیۆستراتیجییەکانیان نەگونجێت.

ئەم پێشهاتانە، گەرچی زیانی ڕووبەرێکی جیۆوگرافییان لێ کەوتەوە، بەڵام وانەیەکی گرنگیان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بەخشی بەوەی، دەستکەوتە نیشتمانییەکان پێویستیان بە بنیاتنانی هێزی ناوخۆیی، یەکڕیزیی ڕاستەقینەی لایەنە سیاسییەکان و داڕشتنی ستراتیجی تۆکمە هەیە تا بتوانرێت شەرعییەتی جەماوەری بگوێزرێتەوە بۆ دەستکەوتی سیاسیی درێژخایەن.

ڕیفراندۆمی 2017 ڕووداوێک نییە بە تێپەڕبوونی کات یان گۆڕانی هاوسەنگیی دەسەڵاتەکان کۆتایی پێ بێت، گەرچی سیاسەت دەتوانێت جێبەجێکردنی ئەنجامەکان دوا بخات، بەڵام ناتوانێت خواستی ڕاستەقینەی كورد بسڕێتەوە.

ڕیفراندۆم سەلماندی مێژووی نەتەوەکان تەنیا بەوە نانووسرێتەوە کە لەسەر زەوی چی بەدەست هاتووە؟ بەڵکو بەوەش نووسراوەتەوە کە گەلێک لە ساتەوەختێکی دیاریکراودا بە چ زاراوەیەک و بە چ بڕوایەک دەنگی خۆی هەڵبڕیوە.

25ی ئەیلوول وەک ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و نیشاندانی ئیرادەی نەتەوەیی، بۆ هەمیشە وەک ڕووبەڕێکی گەش لە مێژووی کوردستاندا دەمێنێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *