پەكەكە لە سەنگەری دوژمناندا

بینەر: (25)

لە سەرەتای نەوەتەكانەوە لە هەڕەتی گەنجی و بیستەكانی تەمەنمەوە، لە گەرمەی ئاشنابوونم بە دنیای كتێب و خوێندنەوەی مێژوویی سیاسی و نەتەوەیی نەتەوەكەم، كادرێكی پەكەكەم بە ناوی “عەگید” ناسی كە دواتر كوژرا. ئەوكات پەكەكە لە دەڤەری برادۆست بوون و هێشتا شەڕی حكوومەتی هەرێم و ئەوان دەستی پێ نەكردبوو، بۆیە تا ئاستێك ئازادانە دەهاتنە سۆران و ڕەواندز و لە هەوڵی بنیاتنانی ڕێكخستنی حزبی و جەماوەرییدا بوون، مەبەستیان بوو كەسانی خوێندەوار و ڕۆشنبیر و قوتابیان بە تایبەتی، لە ڕیزەكانی خریاندا ڕێكبخەن.

عەگید، كادرێكی هوشیار و ڕۆشنبیر و زۆر ئارام بوو، هەر كاتێك گفتوگۆت لەگەڵ بكردایە، بە جۆرێك دەكەوتیتە ژێر كاریگەریی كە ئەگەر هۆشیار نەبوویتایە، دوور نەبوو بچوویتایەتە زەڵێ، وەك ئەوەی پاشتر چەندان گەنجی ڕەواندز، بەداخەوە بەو هۆیەوە لە ڕێگەی پەكەكە فریویان خوارد و چوونە قەندیل و بە ئێستەیشەوە چارەنووسیان نتدیارە.

لەگەڵ عەگید بەردەوام گفتوگۆی سیاسی و هزریمان دەكرد، ڕۆژێك لە میانەی باسكردن لە بەناو خەباتی دۆڕاوی پەكەكە، قسە هاتە سەر ئۆجەلان و منیش وەك هەمیشە گوتم: “پەكەكە زۆر لەژێر كاریگەریی ئاپۆدایە و حزبەكە ئەوەندەی پێوەستبوونی بۆ ئەو هەیە، بۆ كوردستانی نییە”. عەگید كە بە ئارامییەكەی دەمناسییەوە، لە پڕ وەك گڕكانێك بە ڕوومدا تەقییەوە و گوتی “خەبەری ناخۆش نەبێژی، ئاپۆ هێڵی سوورە”، دیارە مەبەستی لە خەبەری ناخۆش، واتا قسەی هەڵە و ناشیرین نەكەیت، ئیتر ڕێك لەوكاتەدا كە چەند مانگێكی كەم بوو هاوڕێیەتیمان دەستی پێ كردبوو، لە ناوەرۆكی پەكەكە گەیشتم و پێم گوت، ئێوە كەسپەرستن، نەك كوردستانیانە بیر بكەنەوە.

نزیكەی 34 ساڵ بەسەر ئەو گفتوگۆیەدا تێپەڕیوە، سەرەنجام پەكەكە دەستبەرداری بە ناو خەباتەكەی بوو، ئۆجەلانیش كە ڕۆژگارێك لای كاڵفامە سیاسییەكان، هێمای بنیاتنانی كوردستانی یەك پارچە و گەورە بوو، لەپێناو ئازادبوونی، هەموو سازشێكی بۆ تورك كرد و ئێستە باس لە كۆمەڵگەی دیموكراتی و توانەوە دەكات!

هەڵبەتە من دەمخوێندەوە، هۆشیار بووم لەوەی لەو حزبە بگەم، بۆیە بۆ هەمیشە زانیم كرۆكی سیاسیی پەكەكە چییە، بەداخەوە دواتریش چەندان جار ئەو حزبە شەڕی پارتی و یەكێتییان كرد و بەهۆیەوە سەتان گوند وێران بوون، دەیان هاووڵاتی شەهید بوون و بیانوویەكی بە دەست توركیاوە دا كە دەیان كیلۆمەتر بخزێتە ناو خاكی هەرێمەوە.

پەكەكە نەك هەر نەیتوانی لە خەباتی سەربەخۆیی كوردستاندا سەركەوتوو بێت و ئەو خەونە فریودەرەی كەسانێك داهاتوویان لەسەر هەڵچنیبوو، بێنێتە دی، بگرە پاشەكشەیەكی گەورەی بە دۆزی كورد لە باكور كرد و بەرپرسیارە لە خوێنی دەیان هەزار گەنجی كورد، كە بە خەونی دەوڵەتی كوردییەوە لە ڕیزی ئەو حزبەدا میلیتار و پۆپۆڵستییە خەباتیان كرد. ئێستەیش سەرانی پەكەكە هێندەی باس لە باشوور دەكەن، باس لە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ توركیا ناكەن.

دواین خزمەتی پەكەكە بە دوژمنانی كورد، زۆر بەداخەوە ڕادەستكردنی چیای شنگال بوو بە حەشدی شەعبی، ئەمە ناپاكییەكی گەورەیە و لەكەیەكی ڕەشە بە مێژووی ئەو حزبەوە، ئەمە ئەگەر مێژوویەكی سپی هەبێت. لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا، دەیان جار حكوومەتی هەرێم لە ڕێگەی كەناڵی دیپلۆماسی و گفتوگۆی سیاسییەوە داوای لە یەبەشە /هێزێكی چەكداری سەربە پەكەكە/یە كرد، دۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوە و هێزەكانیان بكرێنە بەشێكی فەرمی لە حكوومەتی هەرێم و بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، كەچی هەموو جارێك ڕەتیان كردەوە. بەڵام بینیمان بەبێ شەرم و بێ هیچ ڕێككەوتنێك، بڕیاری دا بچێتە ناو حەشدی شەعبی و ئەو چیا ستراتیجیەی ڕادەستی نەیارانی كورد كرد كە لە داهاتوودا هەر ڕووداوێكی سیاسی نەخوازراو ڕوو بدات، یان ئاسایشی هەرێمی كوردستان بكەوێتە مەترسییەوە، ئەوە یەبەشە لێی بەرپرسیارە و دەبێ بەرپرسیاریەتی هەر ئەگەرێكیش لە داهاتوودا هەڵبگرێت.

ئەم كارەی یەبەشە، هیچ لۆجیكێكی سیاسی و هیچ ڕێككەوتنێك پاساوی نادا، چونكە ناكرێت هێزێكی كوردزمان، بە ناسنامە نەتەوەیی، سووك و ئاسان لەسەر مێزێكی ئامادە، چیایەكی لەو شێوەیە ڕادەستی هێزێكی رقئەستوور بەرانبەر كوردستان بكات كە ئەویش حەشدی شەعبییە. ئەو كوردانەی دڵخۆشن بەو هەنگاوە و پەسنی دەدەن، لە هەمان ئەو سەنگەرەی پەكەكەدان كە سەنگەری خزمەتكردنە بە دوژمنانی كورد، ئەوەتا كارێك دەكەن پێویست بە بەڵگە هێنانەوە ناكات و ڕۆژانە دەیبینین كە چۆن كورد بێ هیوا دەكەن و دوای 50 ساڵ خەبات بەناوی یاسای تیرۆرەوە خۆیان بەدەستەوە دەدەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *