پێشمەرگە لە مێژوویەكی نوێدا

بینەر: (16)

ئەو هێزەی ساڵانێک لە سەنگەرەکاندا پارێزگاریی لە خاک و خەڵکی کوردستان دەکرد و بەردەوامە لەو ئەركە نیشتمانییە پیرۆزە،, ئێستە هەنگاوێکی گەورەی دیکەی لە مێژووی نوێی خۆیدا تۆمار كرد كە ئومێدی نوێ دەخاتە ژیانی پیشەیی و ئەركە سەربازییەكانیان و بۆ خەڵكی كوردستانیش هەڵكردنی چرایەكی ڕووناككەرەوەیە لە كاتێكی سەخت و ئاڵۆزدا.

یەکخستنی هێزی پێشمەرگە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی هێزی پاراستنی کوردستان لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی یەکگرتوو و یاساییدا بەرەوپێشتر ببرێت، ئەم ڕووداوی یەكخستنەوەی هێزە جیاوازەكان، خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی نوێی کوردستاندا, چونکە هێزی پێشمەرگە لە شێوەی خەباتی ڕابردوو و ئینتما حزبییەكەیەوە، دەگوازرێتەوە بۆ سوپایەكی نیشتمانیی سەربە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕێكخراون و بە دڵنیایی بە سیستمێکی نوێی سەربازی و كارگێڕییدا، بە زانستیی نوێ بنیات دەنرێتەوە.

پێشمەرگە بە خوێنی خۆی و قوربانیدانی نەوە دوای نەوە و بە دیاریكراوی لە كۆماری كوردستانەوە ئەم ناوەی هەڵگرتووە و مێژوو بە گیانفیدایی خۆی دەنووسێتەوە، بەڵام ئەو مێژووە نابێت هەر لە ڕابردوودا بمێنێتەوە، بەڵكو بەدڵخۆشییەوە لە ڕێوڕەسمی یەكگرتنەكەدا بینیمان، لەمڕۆوە بناغەی داهاتوو دادەڕێژێت و ئەمە بۆ ئەزموونی هەرێمی كوردستانیش زۆر مانادار و لە كاتێكی هەستیار و ئاڵۆزی ناوچەكەدا ڕووی داوە كە هەژانێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە.

خەڵكی کوردستان لە هەركات زیاتر ئەمڕۆ هەست بە گرنگیی هێزێکی نیشتمانیی پیشەیی دەكەن كە توانای وەڵامدانەوەی پێداویستییە ئەمنییە نوێکان و سنووردانان بۆ مەترسییەكانی هەبێت، لەگەڵ ئەوەی كورد هەمیشە داوای ئاشتی و ڕێزی كردووە، بەڵام ئامادەیی ناوخۆییش گرنگترین هێزە كە دڵنیایی بە گەلەكەمان دەدات.

گرنگیی ئەم هەنگاوە لەوەدایە، پێشمەرگە لە قۆناغێکەوە دەچێتە قۆناغێکی دیکە، لە هێزی خەبات و بەرگریی ڕابردووەوە بۆ هێزی دامەزراوەیی، ئەم گۆڕانە بە مانای لەبیرکردنی ڕەگوڕیشەی ڕابردوو نییە، بەڵكو تێگەیشتنە لەوەی ئەگەر دامەزراوەیەکی بەهێز و مۆدێرن لەسەر ئەو میراته‌ بنیات بنرێت، ئەوا مێژووی پێشمەرگە زیاتر دەدرەوشێتەوە و پێگەیشی بەرزتر دەبێتەوە، بەو پێیەی ئەمە داوای هەموو وڵاتانی دۆستی كوردیش بووە لە 10 ساڵی ڕابردوودا.

كەواتە با گەشبین بین كە لە داهاتوودا، پێشمەرگە ده‌بێته‌ هێزێک توانا سەربازییەکەی لەگەڵ چاوەڕوانییە نیشتمانییەكەیدا زیاتر دەبێت و وەك بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستانیش لە ڕێوڕەسمەكەدا باسیان كرد، پێویستە چیتر عێراق واز لە جیاكاری بێنێت و مووچە و شایستەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هاوتای سوپای عێراق بكاتەوە. ئەمە یاسا و دەستوور مسۆگەری كردووە و ئیتر كاتییەتی كە عێراقیش بەرەو دامەزراوەیی سەربازیی دەوڵەتیی هەنگاو دەنێت، بەیەكچاو سەیری سەرانسەری وڵاتەكە بكات و هێزەكان بە تەواوی ببنە پیشەیی و لە ئەركی خۆیاندا بن، لە دەرەوەی بەرژەوەندی گرووپ و كەس و مەزەو.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *