“هەندێك لایەنی شیعە هەڕەشەی كشانەوەیان لە حكوومەتی زەیدی كردووە”

بینەر: (63)

كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 14ی ئایاری رابردوو بە ناتەواوی لە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێ درا، لە كۆی 23 وەزارەت، نۆ وەزارەتی بەتاڵن و تا ئێستە ناكۆكی لەسەر پڕكردنەوەیان هەیە، ئەو حكوومەتە لە دوای دەستبەكاربوونی، دەستی بە دوو هەڵمەتی گرنگ كرد، داماڵینی چەكی نایاسایی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، كە لەگەڵ نزیكبوونەوەیان لە هێزە سیاسییە باڵادەستەكان خەریكە بەربەستیان بۆ دروست دەكرێت.

لەوكاتەی بەشێك لە شارەزایان پێشبینی دەكەن كە هێزە سیاسییە باڵادەستەكان و میلیشیاكان، بەربەست بخەنە بەردەم دوو هەڵمەتەكە و بۆ ئەوەی بەوان نەگات، هەوڵی بەلاریدابردنیان دەدەن، ئەحمەد خزر توێژەری سیاسی لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، هەندێك لە هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، وەك ناڕەزایەتی بەرانبەر بەردەوامبوونی لە هەڵمەتی گرتنی گەندەڵكاران و سووربوونی لەسەر داماڵینی چەك، هەڕەشەی كشاندنەوەی وەزیرەكانیان لە كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی كردووە.

ئەوە لەوكاتەی دوێنێ ئەحمەد مووسەوی پەرلەمانتاری عێراق ئاماژەی كرد كە هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدی وەزارەتە بەتاڵەكانی حكوومەتی عێراق دێتە راگەیاندن، گفتوگۆ و دانوستانی نێوان هێزە سیاسییەكان لەوبارەوە گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی بۆ یەكلاكردنەوەی كابینەكە، ناوی كاندیدان لە سەرۆك وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ یەكلاكردنەوەیان لەهەفتەی داهاتوو و دوای ئەوە وادەیەك بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاری دەكرێت بۆ دەنگدان و تەواوكردنی كابینەكە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *