ئەمڕۆ دووشەم سێی ئابی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دانی بە بوونی ناکۆکیدا نا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەم دواییانە لەگەڵ حەماس، و مەرجی خۆی ڕاگەیاند کە دەبێت پێش دەستپێکردنی قۆناغی ئاوەدانکردنەوە، بزووتنەوەکە چەک بکرێت و کەرتی غەزە لە چەک دابماڵرێت. ئەم ناکۆکییانە لە کاتێکدان کە ترەمپ پێشتر ڕێککەوتنەکەی بە “مێژوویی” ناو بردبوو، بەڵام ئیسرائیل نیگەرانییەکانی خۆی گەیاندووە و هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە فەڵەستینییەکان چڕتر کردووەتەوە.
ناتانیاهۆ، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، ناکۆکی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ هەیە کە نایشارمەوە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەم دواییانە لەگەڵ حەماس. ناوبراو دووپاتی کردەوە، پێویستە بزووتنەوەی حەماس چەک بکرێت و کەرتی غەزە لە چەک دابماڵرێت، پێش ئەوەی بچینە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی ڕابردووی ڕاگەیاندبوو، کە ئەنجوومەنی ئاشتی گەیشتووەتە ڕێککەوتنێکی مێژوویی کە لەخۆگری چەککردنی تەواوەتیی بزووتنەوەی حەماس و هەموو گرووپە چەکدارەکانی ترە لە غەزە. ترەمپ ڕای گەیاندبوو، ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ ئەوەی غەزە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتێکی نوێی فەڵەستینی و ئیسرائیلیش ئاسایشی بەدەست بهێنێت.
ئەم ناکۆکییە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل ئەمڕۆ نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەزە گەیاندووەتە واشنتن، و هێزەکانی ئیسرائیل بۆردمانەکانیان بۆ سەر ناوچە فەڵەستینییەکان چڕتر کردووەتەوە، کە ئەمەش نوێترین نیشانەی ناکۆکیی نێوان ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆیە.
















Leave a Reply