سەرچاوەیەك: بەهۆی ناكۆكییەكان كۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوا خرا

بینەر: (451)

دوای داواكەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە شیعە بە یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران، بڕیار بوو ئەمشەو لە ماڵی عەمار حەكیم كۆبوونەوەیەكی گرنگ و یەكلاكەرەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنەگی بێتە سازكردن، بەڵام وەك سەرچاوەیەك ئاماژەی كرد، بەهۆی ناكۆكییەكان كۆبوونەوەكە دوا خرا.

سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژەی بۆ دواخستنی كۆبوونەوەكەی ئەمشەوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی عەمار حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمەی نیشتمانی لە بەغدا كرد، ئەوەش بەهۆی ناكۆكی لە نێوان هێزە سیاسییەكانی شیعە، دواخستنەكە بەهۆی بایكۆتكردنی ژمارەیەك لە سەركردە شیعەكان بووە بۆ كۆبوونەوەكە، ئەوەش وای كرد دوا بخرێت تا ئامادەبوونی هەموویان و یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران.

بەپێی سەرچاوەیەكی تر، نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و كاندیدی پۆستەكە، بە سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی راگەیاندووە كە ئامادەیە دەستبەرداری كاندیدبوون ببێت، لە بەرامبەر كاندیدنەكردنی هەریەك لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكە و حەیدەر عەبادی یان هەر سەرۆك وەزیرانێكی تری پێشوو.

بەپێی سەرچاوەكە چەند ناوێك لەناو چوارچێوە بۆ پۆستەكە خراونەتە روو، بەڵام هیچیان یەكلا نەكراونەتەوە و بڕیارە لە كۆبوونەوەیەكی بەمنزیكانەی چوارچێوەكە یەكلا بكرێنەوە، یەكێكیان وەك كاندیدی هاوبەش دیاری بكرێت، هاوكات سەركردەكانی حەشدی شەعبیش رۆڵیان لە یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە دەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *