رۆیتەرز: واشنتن دوا ئاگەداركردنەوە دەداتە وڵاتان سەبارەت بە ئێرانەوە

بینەر: (1.6K)

بەپێی سەرچاوەكان پێشبینی دەكرێت وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سنووری سزا ئابوورییەكانی سەر ئێران فرەوانتر بكات، بەتایبەتی بۆ سەر ئەو دەوڵەت و قەوارانەی پێوەندیی ئابووری و بازرگانیان لەگەڵ ئێران هەیە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سەپاندنی ئەوپەڕی گوشاری ئابووری لەسەر تاران بۆ ملكەچكردنی.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە پلانەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لەبارەی ئێرانەوە، بە ئاژانسی “رۆیتەرز”ی ئەمەریكی راگەیاند كە مەبەستی واشنتن لە فرەوانكردنی سنووری سزا لاوەكییەكانی سەر دەوڵەت و قەوارەكانی پێوەندیی بازرگانی و ئابوورییان لەگەڵ ئێران هەیە، وەك ئاراستەوكردنی دوا وریاكردنەوەیە بۆیان بۆ بڕینی ئەو پێوەندییانەیە لەگەڵ ئێران، وەك هەوڵێك بۆ كۆتاهێنان بەو شەڕەی شەش مانگە بەردەوامە و بووەتە هۆی پەككەوتنی هەناردنی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.

ئەمڕۆ سكۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا دەست پێكردنی گەورەترین گوشاری دارایی و ئابووری بۆ سەر ئێران لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەم راگەیاند و گوتی، ئەمڕۆ رۆژی دەست پێكردنی حسیابە لەگەڵ ئابووریی ئێران و لە بەیانی ئەمڕۆوە گەورەترین سزا و گەمارۆی دارایی و ئابووری بەسەر ئێران دەسەپێنین.

زیاتر گوتی، ئامانجمان لەو هەڵمەتە بڕینی شادەماری ئابووریی ئێران و مانەوەی رژێمەكەیەتی بە مایەپووچی، سەرجەم ئەو وڵاتانەشی چارەنووسیان بە تاران دەبەستنەوە، دەبێ چاوەڕوانی داخرانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە رووی خۆیان لە هەموو رووەكانەوە بكە، ئاشكرای كرد، هەر دەوڵەتێك وەك سەرچاوەی دارایی بۆ رژێمی ئێران كار بكات و مامەڵەی لەگەڵدا بكات، بە تەواوی لە دنیا دادەبڕێنرێت و گۆشەگیر دەكرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *