لە هەر كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن و هۆشیاردا، راگەیاندن ڕۆڵێكی گرنگ و كاریگەری هەیە لە دروستكردنی هۆشیاریی گشتی، پاراستنی ئارامیی كۆمەڵگە و گەیاندنی ڕاستییەكان بە هاووڵاتییان. ئەركی راگەیاندن تەنیا بڵاوكردنەوەی هەواڵ نییە؛ بەڵكو بەرپرسیارییەكی گەورەی كۆمەڵایەتییە.
لە كاتی تەنگانە، قەیران و كارەساتدا، ئەو بەرپرسیارێتییە زیاتر گرنگ دەبێت. لەو كاتانەدا كۆمەڵگە پێویستی بە زانیاریی دروست، سەرچاوەی باوەڕپێكراو و هەواڵێكی دوور لە هەڵە و شڵەژان هەیە. راگەیاندن دەبێت ببێتە هۆی ئارامكردنەوەی خەڵك، نەك زیادكردنی ترس و دڵەڕاوكێ.
بەداخەوە لە كوردستان هەندێك دەزگای راگەیاندن لە هەندێك كاتدا لە ئەركی ڕاستەقینەی خۆیان دوور دەكەونەوە. لەبری ئەوەی ڕاستییەكان بۆ خەڵك ڕوون بكەنەوە و هۆشیاریی كۆمەڵگە بەرز بكەنەوە، دەبنە سەرچاوەی بڵاوكردنەوەی هەواڵی نادروست، دڵەڕاوكێ، بێ متمانەیی و هەندێك جار زیاتركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان.
ئەمە تەنیا كێشەیەكی میدیایی نییە، چونكە هەواڵ و شێوازی پەخشكردنی هەواڵ دەتوانێ كاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی خەڵك و ئارامیی كۆمەڵگە هەبێت. هەواڵێكی نادروست یان هەواڵێك كە بەشێوەیەكی هەستیارانە و بێ پشتڕاستكردنەوە بڵاو دەكرێتەوە، دەتوانێت لە ماوەیەكی كەمدا بێ متمانەیی و شڵەژان دروست بكات.
لەبەرئەوە دەزگای راگەیاندن دەبێت پێش هەر شتێك پابەندی پیشەیی و رەوشتی خۆی بێت، سەرچاوەی هەواڵ بپشكنێت، ڕاستی لە پروپاگەندە جیا بكاتەوە و لە بڵاوكردنەوەی هەر زانیارییەك كە دەتوانێت زیان بە ئارامیی كۆمەڵگە بگەیەنێت، دوور بێت.
ئێمە پێویستمان بە راگەیاندنێك هەیە كە دەنگی ڕاستی بێت، نەك دەنگی دڵەڕاوكێ، هۆشیاركەرەوە بێت، نەك شڵەژێنەر، پردی نێوان خەڵك و ڕاستی بێت، نەك سەرچاوەی بێ متمانەیی.
ئازادیی راگەیاندن مافێكی بنەڕەتییە، بەڵام لەگەڵ ئەو مافەدا بەرپرسیارێتییەكی گەورەش هەیە. ئەو دەزگایەی ئەم بەرپرسیارێتییە بە باشی جێبەجێ بكات، خزمەت بە كۆمەڵگە دەكات؛ بەڵام ئەوەی راگەیاندن بكاتە ئامرازێك بۆ زیادكردنی ترس، دابەشبوون و كێشە، لە ئەركی پیرۆزی راگەیاندن دوور كەوتووەتەوە.
















Leave a Reply