ئەندامێكی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی محەمەد شیاع سوودانی ئاماژە دەكات كە بڕیارە پێنجشەمی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بێتە سازكردن، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە لە چەند سەعاتی داهاتوو زەیدی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.
محەمەد خالیدی سیاسەتوان و ئەندامی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی سوودانی لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، هەندێك لایەنی سیاسی هەوڵ دەدەن زیاتر لە بەركەوتەی خۆیان لە پۆستە ویزارییەكان ببەن، بەتایبەتی لەسەر ئاستی پێكهاتەی سوننە، ئەوەش زەحمەتیی لە ئیدارەدانی ئەو دۆسیە دروست كردووە.
روونی كردەوە، هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییە داوای وەزارەتی نەوت و چەند وەزارەتێكی تری لەسەر بنەمای خاڵ و بەركەوتەی هەڵبژاردن كردووە، هاوكات ئاماژەیەك هەیە بۆ بەشدارینەكردن لە كابینەی حكوومەتی نوێ بەهۆی ئەو ستەمەی لە هاوپەیمانیەتییەكە دەكرێت، ئەوە سەرەڕای ئەو سازشەی بۆ تێپەڕاندنی پرۆسەی سیاسی و رێگرتن لە چەقبەستوویی سیاسی پێشكەشی كردووە.
خالیدی دووپاتی كردەوە، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بووەتەوە دیاترینیان مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی بەشداریكردنی میلیشیاكان لە پێكهاتەی حكوومەتەكەی، كەوتووەتە نێوان دوو بژارە، بەشداریپێكردنیان و رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا و دوورخستنەوەیان و لەدەستدانی پاڵپشتی پەرلەمانی و سیاسیی ئەوان.
ئەو ئەندامەی ئیعمار و تەنمییە دووپاتی كردەوە كە ئەگەری هەیە هاوپەیمانیەتییەكە چوار وەزارەتی كارەبا و كشتوكاڵ و نەوت و وەزارەتێكی بەدەست بێنێت، روونی كردەوە، سازنەكردنی دانیشتنی متمانەپێدان بە حكوومەتەكەی لە پێنجشەمی داهاتوو، زەیدی دەخاتە بەردەم دوو كێشە، كۆتاهاتنی ماوە دەستوورییەكان و گەشتكردنی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتاران بۆ حەج.
خالیدی ئاماژەی كرد، بۆیە دانیشتنی پێنجشەمی داهاتوو دوایین هەلە بۆ زەیدی بۆ خستنەرووی كابینەی حكوومەتەكەی، ئاشكرای كرد كە لە چەند سەعاتی داهاتوو زەیدی سەردانی هەولێر دەكاتەوە بۆ تەواوكردنی لێكگەیشتنەكان پێوەست بە كابینەی حكوومەتەكەی.
















Leave a Reply