ترەمپ: نائومێدم لەو کوردانەی چەکمان پێ دان بەڵام بۆ خۆیانیان برد

بینەر: (1.6K)

ئەمڕۆ دووشەم 11ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆمەڵێک لێدوانی نوێدا سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، ڕەخنەی توندی لە ئێرانییەکان گرت و هاوکات باسی لەو چەکانەش کرد کە درابوونە کورد بۆ بەکارهێنانیان لە ناوخۆی ئێراندا.

ترەمپ لە لێدوانەکانیدا ڕای گەیاند، نائومێدم لەو کوردانەی چەکمان پێ دان بیبەن بۆ ئێران، بەڵام بردیان بۆ خۆیان.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، ترەمپ دووپاتی کردەوە، ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت و بەردەوام دەبین لە سەپاندنی گەمارۆ بەسەریدا. بەوەی کە ڕێگە نادەین تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئێمە خزمەت بە جیهان دەکەین. زیاتر گوتی، پلانەکەم لەبارەی ئێرانەوە زۆر ئاسانە، ئەویش ئەوەیە کە هەرگیز نابن بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئەوان لە پێشنیازە نوێیەکەیاندا دانیان بەمەدا نەناوە.

لە ڕووی سەربازییەوە، سەرۆکی ئەمەریکا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخەکە کرد و گوتی، دەمانەوێت لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتنی تەواوەتی بەدەست بهێنین، ئێمە هێزی دەریاییی ئێرانمان لەناو بردووە و سێ چین لە سەرکردەکانی ئەو وڵاتەمان کوشتووە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا ترەمپ ڕەخنەی لە پێشنیازەکەی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ گرت و بە “گەمژانە” وەسفی کرد کە ناکرێت قبووڵ بکرێت، ئاشکراشی کرد کە، ئێران بەڕوونی ئاگاداری کردم لەوەی بەنیازن تۆزی ئەتۆممان پێ بدەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *