بەرپرسێکی ئێرانی: هێرشی وشکانی لە کوردستانەوە پلانی مۆساد و CIAـیە

بینەر: (1.2K)

ئەمڕۆ دووشەم سێی ئابی 2026، بەرپرسێکی باڵای پەرلەمانی ئێران ڕای گەیاند، کە هێرشێکی وشکانی لە کوردستانەوە بەشێکە لە پلانی مۆساد و CIA بۆ دابەشکردنی ئێران، و دووپاتی کردەوە کە جووڵە لەو ناوچەیەدا هەیە و لە بەرانبەردا چەندین ئۆپراسیۆن پێشوەختەیان ئەنجام داوە. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ستراتیجی نوێی ئێران بریتییە لە ئەنجامدانی گورزی پێشوەختە و لە هەمان کاتدا کوردی بە یەکێک لە “ئاریترین” نەتەوەکان ناو برد کە دڵسۆزی ئێرانن.

حەسەن قەشقاوی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕای گەیاند، بەپێی دوو بەڵگەنامە، بۆ لاوازکردنی ئێران، دەبێت دابەش بکرێت بۆ گرووپی بچووک، و ناوی ناوچەکانی وەک باکووری ڕۆژئاوای ئێران لەم چوارچێوەیەدا هاتووە.

قەشقاوی ڕای گەیاند، جووڵە لە کوردستاندا هەیە، بەڵام چاودێریی هەواڵگریی باشمان هەیە… ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی بوونەتە هۆی ئەنجامدانی چەندین ئۆپراسیۆنی پێشوەختە. ناوبراو ئاشکرای کرد، ئۆپراسیۆنە پێشوەختەکان ئێستە بوونەتە ستراتیجی نوێی ئێمە، واتە ئەگەر هەر کۆبوونەوە و جووڵەیەکی دوژمن دیاری بکەین، پێش ئەوەی هیچ جووڵەیەک بکەن گورزیان لێ دەدەین.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، قەشقاوی ئاماژەی بە پێگەی نەتەوەکانی ئێران کرد و گوتی، کوردەکان لە نێو ئاریترین گرووپە ئیتنیکییەکاندان و دڵسۆزییەکی نموونەیییان هەیە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران… خەڵکی کوردستان هەرگیز لەگەڵ گرووپە جوداخوازەکاندا نەبوون، و هەر ئەم یەکگرتووییە نەتەوەییەیە کە وای کردووە دوژمن لە مەیداندا بشکێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *