کۆشکی سپی لە بڕیارێکی فەرمیدا، کە مشتومڕێکی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە و بە یەکێک لە توندترین ڕێگرییەکان لە مێژووی مۆندیالدا دادەنرێت، هاتنی هاندەرانی هەڵبژاردەکانی ئێران و هایتی بۆ ناو خاکی ئەمەریکا قەدەغە کرد، بە مەبەستی بەشداریکردن و ئامادەبوون لە یارییەکانی جامی جیهانیی 2026.
بەپێی بڕیارەکە، هاندەرانی ئەو دوو وڵاتە ناتوانن بۆ بینینی یارییەکانی مۆندیالی 2026، کە بڕیارە لەنێوان 11ی حوزەیران و 19ی تەممووز لە ئەمەریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت، سەردانی ئەمەریکا بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا 48 هەڵبژاردە بەشداری دەکەن.
ڕۆژنامەی “The Times” بڵاوی کردووەتەوە کە بڕیارەکە لەژێر بیانووی “ئاسایشی نیشتمانی”دا دەرچووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێگەپێدان تەنیا شاندی هەردوو هەڵبژاردە (یاریزانان و ستافی هونەری، کارگێڕی و پزیشکی) بە شێوەیەکی تایبەت و بەدەر لە بڕیارەکە دەگرێتەوە.
ئەم ڕێکارە لە کاتێکدایە ئەمەریكا پێشبینی دەکات لە ماوەی پاڵەوانێتییەکەدا پێشوازی لە نێوان پێنج بۆ حەوت ملیۆن گەشتیار بکات، ئەمەش وای لە ئیدارەی ئەمەریکا کردووە کە ڕێکارە تەناهییەكان لەسەر پێدانی ڤیزا و هاتنەناوەوە لە ڕێگەی دەروازە جیاوازەکانەوە توندتر بکات.
بڕیارەکە نیگەرانییەکی بەرفراوانی لە ناوەندە وەرزشی و مافپەروەرییەکاندا دروست کردووە و پرسیاری لەبارەی گونجانی لەگەڵ بەهاکانی جامی جیهانیدا ورووژاندووە کە لەسەر بنەمای کراوەیی و هاندانی بەشداریی هاندەران لە هەموو وڵاتانەوە دامەزراوە.
















Leave a Reply