تەحسین حوسێن موستەفا
مارتن لوتەر کینگ جونیۆر زۆر بە ئازارەوە دەڵێت: “لە کۆتاییدا، ئێمە قسەی دوژمنەکانمان لەبیر نامێنێت، بەڵکو بێدەنگیی دۆستەکانمان لەبیر دەمێنێت!”) ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، بێدەنگی تەنها هەڵبژاردنێکی شەخسی نییە، بەڵکو باجێکی قورسە کە دەسەڵاتداران بەسەر کۆمەڵگەیاندا سەپاندووە بۆ ئەوەی تاڵانکارییەکانیان بە ئارامی بەڕێوە ببەن. کاتێک ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان (وەک زیندانیانی بادینان) تەنها لەسەر وتنی وشەیەک یان نووسینی کۆمێنتێک ڕووبەڕووی زیندان و تۆمەتی هەڵبەستراوی “سیخوڕی و تێکدانی ئاسایش” دەبنەوە، ئەوە پەیامێکی ڕوونە بۆ تەواوی کۆمەڵگە: “ئەگەر دەتەوێت بژیت، دەبێت کوێر و کەڕ و لاڵ بیت!”
ئەم فەنتەڵۆسانەی کە حوکمی ئەم هەرێمە دەکەن، زۆر باش دەزانن کە چەک و پارەی دزراوی نەوت ناتوانێت شەرعییەتیان پێ بدات، بۆیە پەنایان بردۆتە بەر دروستکردنی “دیوارێکی ترس”. : “بەهێزترین کەس هەرگیز هێندە بەهێز نییە کە تا هەتایە سەردار بێت، مەگەر ئەوەی هێزەکەی بگۆڕێت بۆ ماف.” بەڵام مافیاکانی ئێمە لەبری ماف، هێزەکانیان گۆڕیوە بۆ دەزگای سەرکوتکەر. کاتێک مامۆستایەک یان مووچەخۆرێک دەڕژێتە سەر شەقام بۆ داواکردنی قوتی مناڵەکانی، لەبری وەڵامێکی مرۆڤانە، ڕووبەڕووی گازی فرمێسکڕێژ و لێدان و سوکایەتی دەبێتەوە. ئەمە حوکمڕانی نییە، ئەمە کردەوەی کارتێلێکی سیاسییە کە نیشتمانی کردووەتە زیندانێک و خۆیشی بووەتە پاسەوانی ئەو زیندانە، تا هیچ دەنگێک نەگاتە دەرەوە.
لەم سیستەمەدا، یاسا و دادگاکان بوونەتە ئامرازێک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بێدەنگکردنی خەڵک. : یاساکان ڕێک وەک تەونی جاڵجاڵۆکەن؛ مێشوولە و زیندەوەرە لاوازەکان دەگرن، بەڵام زیندەوەرە گەورە و بەهێزەکان دەیپسێنن و دەرباز دەبن.”) بەرپرسە دەمامکدارەکان ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار دەدزن و خاڵە سنوورییەکان قۆرخ دەکەن بێ ئەوەی دادگایەک بوێری هەبێت لێپرسینەوەیان لێ بکات، بەڵام ئەگەر گەنجێکی هەژار ڕەخنە لەم نادادپەروەرییە بگرێت، یەکسەر یاسای تیرۆری بەسەردا جێبەجێ دەکرێت. باجی ئەم بێدەنگییە زۆر قورسە؛ باجەکەی لەدەستدانی کەرامەت، دۆڕاندنی سەروەریی هەرێم، و کۆچی بەکۆمەڵی گەنجانە بۆ دەریاکانی مەرگ، تەنها لەبەر ئەوەی ناتوانن لە نیشتمانی خۆیاندا هەناسەیەکی ئازاد بدەن.
ئەم پڵنگە کاغەزییانە تەنها لە یەک شت دەترسن: یەکگرتنی دەنگەکان! ئەی ئەو زۆرینە بێدەنگەی کە ڕۆژانە مافەکانتان پێشێل دەکرێت و کەرامەتتان دەشکێنرێت؛ ئیتر کاتی ئەوەیە تێبگەن کە بێدەنگی پارێزگاریتان لێ ناکات، بەڵکو تەمەنی جەلادەکانتان درێژتر دەکات. هاوار بکەن بە ڕووی ئەم دەسەڵاتە ترسنۆکەدا کە لە وشەیەک دەترسێت هێندەی لە سوپایەک. سیستەمێک کە قەسابخانەی بۆ ئازادی دروست کردبێت، سیستەمێکی مردووە و تەنها چاوەڕێی پاڵنانی ئێوەیە بۆ ئەوەی بکەوێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە!















Leave a Reply