لە دوای هەڵگیرسانەوەی جەنگ بەشێوەی ئۆپراسیۆنی پچڕپچڕ، تا دێت ڕەوشی ناوچەكە بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات و ئەگەری فراوانبوونی بازنەی جەنگەكە زیاتر دەبێت . ئەگەر ئێران سازش نەكات، ناوچەكە بەرەو نادیار دەڕوات و پڕیشكی ئاگری شەڕ ژمارەیەك لە وڵاتانی ناوچەكە دەگرێتەوە.
كاتێك ئێران گوشاری دەكەوێتە سەر، هەموو پەلوپۆكانی لە بەرەی موقاوەمە دەخاتە جەنگەوە، ئەمەش وادەكات بازنەی شەڕەكە فراوان بێت و ئاگری جەنگەكە ژمارەیەك وڵاتانی تریش بگرێتەوە، ئەویش بەهۆی تەقینەوەی ململانێ تایفی و ناوخۆییەكان .
ئەوكات ئەو وڵاتانەی كە تا ئێستە خۆیان دەپارێزن بۆ ئەوەی نەبنە بەشێك لەم جەنگە، بەناچاریش بێت تێوە دەگلێن و بەرەی دژ بە ئێران فراوان دەبێت، ئەمەش لەگەڵ خواستی ئەمەریكا یەك دەگرێتەوە، بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دژ بە ئێران ،چونكە درێژەكێشانی ئەم بارودۆخە بەم جۆرە، ڕەوشی وڵاتانی ناوچەكە ڕۆژ دوای ڕۆژ سەختر و خراپتر دەكات و ڕووبەڕووی قەیرانی گەورەی هەمەچەشنە دەبنەوە بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەمە دەبێتە گوشار لەسەر وڵاتانی ناوچەكە تا هەوڵ بدەن بارودۆخەكە بەلایەكدا بكەوێت .
لە كاتێكدا وڵاتانی ناوچەكە تا ئێستە لە ترسی هەڕەشەكانی ئێران لە دڵەڕاوکێدان، وەک ترەمپ و میدیای جیهانیی ئاماژەی بۆ دەکەن، بەردەوام گوشار لە سەرۆكی ئەمەریکا دەكەن دەرفەتی زیاتر بە ئێران بدات، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، خۆئەگەر ئەمجارە لە ئاشتی بێ هیوا بن و ئێرانیش بەردەوام بێت لەسەر بێمنەتی، ئەوە وڵاتانی ناوچەكە دەبنە بەشێك لە شەڕەكە، چونكە درێژەكێشانی ئەم بارودۆخە بەم شێوە ئاڵۆزە، لە بەرژەوەندیی ناوچەکە و زۆر لە وڵاتانی جیهان نییە.
ئێران بە واژووكردنی یاداشتی لێكتێگەشتن لەگەڵ ئەمەریكا لە جەنگی 40 ڕۆژەدا، سەركەوتوو دەركەوت، بە دەستپێكردنەوەی جەنگ دەرفەتێكی زێڕینی لە دەست دا، بۆیە نەدەبوو ئەو رێككەوتنە تووشی لەخۆباییبوونی بكات و سەركێشی وابكات، تا خۆی بە بەهێز و براوە پێشانی خەڵكی وڵاتەكەی بدات، بەڵكو دەبوو بەهەر نرخێك بوایە خۆی لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ لابدایە .












Leave a Reply