“ئێران هەڕەشەكردن لە وڵاتانی ناوچەكە بە ئامرازێكی مانەوەی دادەنێت”

بینەر: (1.6K)

لە دوای چەند مانگێك لە شەڕی ئەمەریكا و ئێران، تا ئێستە پلانی هەردوو وڵات بۆ یەكلاكردنەوەی شەڕەكە دیار نییە، ئەوەی هەیە هەڕەشەی بەرپرسانی هەردوو وڵاتە لە یەكتر، سەركردەیەكی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دووپاتی دەكاتەوە كە رژێمی ئەو وڵاتە هەڕەشەكردن لە وڵاتانی ناوچەكە وەك ئامرازێك بۆ مانەوەی دادەنێت، سەبارەت بە گەرووی هورمز، ئامرازێكە بۆ گوشار و هەراسانكردنی سیاسی.

عەلی سەفەوی سەركردە لە ئۆپۆزسیۆن و ئەندامی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران لە تاراوگە گوتی، رژێمی ئێران هەوڵ دەدات سوود لە ناوەندگیریی عومان ببینێت بۆ رێكخستنەوەی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بەو شێوەی رۆڵی لە ئیدارەدان و پاراستنی ئاسایشی گەرووەكە پێ ببەخشێت، هاوكات ئەو بابەتە، واتە كردنەوەی تەواوەتیی گەرووەكە، بە سازشكردنی ئەمەریكای دەبەستێتەوە، لەوانە پێوەست بە لادانی سزاكان و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی.

سەفەوی پێی وایە ئەو دامەزراندنە تەناهییانەی دوایی لە ئێران، لەوانە دانانی حوسێن سائیب وەك فەرماندەی هێزەكانی بەسیج، بەرجەستەی نیگەرانیی قووڵی رژێمەكە لە ئەگەری تەقینەوەی كۆمەڵگەی ئێران و ئەگەری نوێبوونەوەی ناڕەزایەتییەكان دەكات، چونكە سەرەڕای كاریگەریی خنكێنەری گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمەریكا، چارەسەر لە ناوخۆی ئێرانەوەیە لە رێگەی جموجۆڵی گەلی ئێران و بەرگریكاریی رێكخراو و خەباتكردن بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *