ئێران هۆشدارییەکی توند دەداتە ئیمارات: لە ماڵێکی شووشەیی لاوازدان

بینەر: (1.4K)

ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایاری 2026، سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێرانی هۆشداریی دایە دەوڵەتی ئیمارات لە ئەنجامدانی هەر هەڵسوکەوتێکی هەڵەنەسەنگێنراو، دووپاتیشی کردەوە کە لە ئەگەری هەر سەرپێچییەکدا، گشت بەرژەوەندییەکانیان دەکەونە ژێر ئامانجی ئێرانەوە.

ئاژانسی “تەسنیم” لە زاری ئەو سەرچاوەیەوە گواستیەوە کە ئیمارات زۆر باش لە سروشتی دۆخەکەی و هەستیارییەکەی تێدەگات، وەسفیشی کرد بەوەی کە “لەناو ماڵێکی شووشەییی زۆر لاواز و شکێنەردا دانیشتووە”. ئاماژەی بەوەش دا، نەمانی ئاسایش لە ناوچەکەدا مەترسییەکی بوونەوی و کوشندە بۆ سەر ئیمارات پێک دەهێنێت، هەروەها دووپاتی لە پێویستیی دوورکەوتنەوە لە هەر ڕەفتارێک کردەوە کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر لەمڕۆ دووشەمدا، ئێران ڕەتی کردەوە کە هێرشی کردبێتە سەر ئیمارات، ئەوەش چەند سەعاتێک دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات مامەڵەکردنی لەگەڵ چەند مووشەکێک ڕاگەیاند کە لە خاکی ئێرانەوە هەڵدرابوون. لەمبارەیەوە تەلەڤزیۆنی ئێران لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای سەربازییەوە گواستیەوە کە ئێران هیچ پلانێکی نییە بۆ بەئامانجگرتنی دەوڵەتی ئیمارات.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات ڕای گەیاندبوو کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەیەکی مووشەکی دەکەن، داواشی لە دانیشتووان کردبوو لە شوێنی سەلامەت بمێننەوە و چاودێریی پێشهاتەکان بکەن لە ڕێی پێگە فەرمییەکانەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *