ئیفلاسی ئەخلاق و مەترسیی سەر نەوەکانمان

بینەر: (9)

ململانێی مێژوویی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆوە بینیوە و چەندان شەڕی چەکداری و میدیایی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام، هەمیشە پارێزگاری لە سنوورەکانی زمانی کوردی و داونەریتی کۆمەڵگە کراوە و سیاسییەكان ئادابی گشتییان نەبەزاندووە، هەرگیز لەم 25 ساڵەدا لە ئاستی زۆر نزمی ئەدەبیاتی سیاسیی و زمانپیسیدا قسە وا نەکراوە كە مرۆڤ شەرم بكات منداڵ و گەنجەكانی بیبینن، چونکە سیاسیی بەرپرسیار و بە تایبەت هێڵی یەكەمی حزبەكان، بیر لە پەروەردەی نەوەکانی داهاتوو و پاراستنی کەسایەتی و داونەریت دەكەنەوە.

ئاساییە لە سیاسەتدا ململانێی توندی حزبی هەبێت، بەڵام هێڵگەلێک هەن نابێت ببەزێنرێن. كەچی لەگەڵ پێشكەوتنی ئەقڵ و ئامرازەكانی پێوەندی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، هەندێک کەس کە بەهۆی بازرگانیی ساختە و بەرژەوەندیی سیاسییەوە هەڵکەوتوون، هیچ ئینتیمایەکی ڕاستەقینەیان بۆ خاک، نەتەوە و سیمبولەكانی نەتەوە نییە و بە ئاسانی سووکایەتییان پێ دەکەن.

گرووپی «نەوەی نوێ» بە سەرپەرشتیی شاسوار عەبدولواحید كە ئێستە بە دەستی دوو سەربە یەكێتین، لە خێروبێری ئەم وڵاتە و بە قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرکردەکانی کوردستان، خاوەنی سەتان ملیۆن دۆلار و چەندان کەناڵی میدیایی و موڵک و سامانی جۆراوجۆرن. شاسوار خۆی و ژمارەیەک لە کەسانی دەوروبەری، بەردەوامن لە سووکایەتی و لێدان لە نیشتمان و مێژوو و خۆهەڵپژان بە باڵای سەركردە مێژووییەكانی كورد دا، بەرەڵاییەكەیان چووەتە ئەو ئاستەی هەموو سنوورە ئەخلاقییەکان دەبەزێنن و لە زاری خۆیان و دەوروبەریانەوە دەڵێن: «باکمان بە قەوارەی کوردستانیش نییە، تەنانەت ئەگەر هەڵبوەشێتەوە.»

وەك دەزانین شاسوار چەند مانگێک لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە زیندانی کرا، لەوێ ئەوەندە لاواز و بێ پرەنسیپ بوو كە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی زۆر بە ئاسانی خۆی دا بە دەستەوە و ڕێککەوت و خۆی و تەواوی پەرلەمانتار و هاوڕێکانی فرۆشت، تەنیا لە بەرانبەر ئازادبوون و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی. كەچی ئێستە لەباتی ئەوەی سەری خۆی كز بكات و پارەكانی بژمێرێ، هاتووە بە سیاسەت و كەسایەتییەكانی كوردستاندا هەڵشاخاوە و بە شێوەی ڕشانەوە قسە تووڕ دەدا.

شاسوار و ئەوانەی لە دەوروبەرین، لەبەرئەوەی هیچ بنەمایەکی پیرۆزیان بۆ خۆیان نەماوە، زمانێکی نزم و دوور لە ئادابی کوردەواریی بەکار دێنن، ئەوە ئاساییە مرۆڤ وا بیر دەكاتەوە كە ئاستەكەیان ئەوەندەیە و پەروەردەی خێزانییان وەك پێویست نەبووە، بەڵام تێپەڕین لە هەموو بەها و بنەمایەكی زمان و سیاسەت، پاساوی نییە، نازانم ئەم هەڵمەتەیان بۆ كێیە و بە دەستی چەندم راسپێردراون، بەڵام ئەو جۆرە زمان و هەڵسوکەوتەی ئەم ڕۆژانە پێی دەدوێن، مەترسییە بۆ سەر زمان، داونەریتی کوردی و پەروەردەی نەوەكانمان، چونکە ئەم ئاستنزمانە میدیا و سۆشیال میدیایان لە بەردەستە و منداڵ دەیانبینێ و تێناگات كە كورتان لەبەر شاسواردا لە بنەڕەتدا بۆ كەر هاتووە، وشە پیس و زمانە شڕەكەیان دەگوازێتەوە.

لە دۆخێكی وادا پێویستە یاسا بەشێوەیەکی ڕوون و بۆ پێداویستیی ئەم سەردەمە ڕێک بخرێنەوە و هەر کەسێک، لە هەر پلە و پۆستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بێت، ئەگەر زمانی ئادابی گشتیی بەزاند و دەستی بۆ هەندێك سیمبول برد، بەرانبەر یاسا بەرپرسیار بێت. ناکرێت کەسێک خۆی بە سەرۆکی گرووپ یان حزب بزانێت، بەڵام ئاستی زمان و هەڵسوکەوتی لەگەڵ کۆمەڵگە بەو شێوەیە بێت کە خوێنەر و بینەر نەتوانن بە ئاسانی قبووڵی بکەن، هەتا ئەگەر ئەو كەسە خۆی و دەنگدەریشی فرۆشتبێ، ئاستیشی زۆر نزم بێت، ئەمانە ئازادی كەسین، بەڵام نابێ رێگە بە پەخشكردنیان بدرێ، چونكە نەوەك خەسار دەكەن.

شاسوار باش دەزانێت دوای ئەو هەڵوێست و مامەڵانەی دوایی كە سەتان هەزار دەنگی ناڕازی فرۆشتووە بە دەسەڵاتێك كە دەنگدەرەكە دژی بووە، ئیتر ئیفلاس دەكات و ڕووی ناو پرۆسەی سیاسیی نامێنێ، بەگوێرەی كاردانەوەكانی ناو خەڵك و تەنانەت لایەنگرانیشی، ئیتر خۆری ئەویش ئاوا بووە و هەر یەك هەڵبژاردن ماوە تا ئەنجامەكەی ببینێ، بۆیە وەك جۆرێك لە نەخۆشی پەلاماری هەمووو شت دەدات و شڵەژانێكی دەروونی پێوە دیارە كە من نازانم ئەنجامی چییە، بەڵام دەزانم هەست بە شەرمەزارییەك دەكات، وەك ئەوەی مێژوو فڕێیدابێتە ناو زبڵدان.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *