ئیسرائیل لە سووریا لەشكركێشی دەكات و نزیك دیمەشق بۆردمان دەكات

بینەر: (1.4K)

تا ئێستە گوشارەكانی ئیسرائیل بۆ سەر حكوومەتی نوێی سووریا بۆ سازكردنی رێككەوتنێكی هاوبەشی تەناهی و دیاریكردنی سنوورەكانی هەردوو وڵات تا ئاستی واژووكردنی رێككەوتنەكانی ئیبراهیمی بەردەوامە، لەوبارەوە هاوئاهەنگی و دابەشكردنی رۆڵ لەگەڵ واشنتن هەیە، بەپێی سەرچاوەكان ئەمڕۆ ئیسرائیل نزیك دیمەشقی بۆردمان كرد و لەشكركێشی بۆ قنێترە كرد.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی سووری، ئەمڕۆ چوارشەم فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر چەند ئامانجێك لە دەوروبەری ناوچەی بەیت جن لە دەشتی باشووری رۆژئاوای دیمەشق، كاتێك سێ مووشەك ئاراستەی رێگەی نێوان بەیت جن و تەل باتولوەرد كرا، بەڵام زیانی گیانی نەبووە، جیا لەوە درۆنەكانی ئیسرائیل بە ئاسمانی ناوچەكە سووڕاونەتەوە.

هەر ئەمڕۆ هێزێكی سەربازیی ئیسرائیلی چوونەتە ناو دەشتی ناوەڕاستی قنێترە و بازگەیەكیان لە نزیك قوتابخانەی زوبێدەی رۆژئاوا داناوە و خەڵكەكەیان پشكنیوە، ئەوەش مەترسیی ئۆپراسیۆنی نوێی ئیسرائیلی لە ناوچەكە زیاد كردووە.

گوتەبێژ بە ناوی حكوومەتی ئیسرائیل رای گەیاند ئەو جموجۆڵانەی سوپای ئیسرائیل لەو چوارچێوەی هەوڵەكانە بۆ كەمكردنەوەی مەترسی و هەڕەشەكان بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل دێت، لەوكاتە بەم دواییە سوپای ئیسرائیل فرەوانخوازی لەناو خاكی سووریا كرد و لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەی بەیت جن بووە شەڕ و لە بۆردمانێكی ئاسمانیی ئیسرائیلی دەیان كەس لە خەڵكی ئەو ناوچە بوونە قوربانی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *