ئەگەر بۆ مێژووی دامەزراندنی بگەڕێینەوە، دەبینین یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تاكە حزبە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دامەزراندنی لەسەر بنەمای ناپاكی و جیابوونەوە و كوتلەبازی بووە، تا ئەمڕۆیش هەرچەند ساڵێك جارێك باڵ و ماڵ و كوتلەیەك لێی دوور دەكەونەوە و وازی لێ دێنن، دوایین وازهێنان و جیابوونەوەیش، بنەماڵەی كەریم خانی برادۆست بوون كە پێوەندییەكەیان لەگەڵ یەكێتی كۆتایی پێ هێنا.
هەڵبەت ئەوەی گوتم لەو رستانەدا هیچی قسەی من نین و لە یاداشتی بەرپرس و سەركردەكانی یەكێتیدا تۆمار كراون و خوێندوومنەتەوە. بەڵام ئەوە من بەرپرس نیم لێی حزب چۆنە و چۆنیش ئیدارەی كاری خۆی دەدات و وەفای بۆ خەڵكەكەی خۆی چەندە، تەنیا ئەم دەرفەتە دەقۆزمەوە بۆ باسكردن لە پێگەی یەكێتی و لاوازبوونی بەگوێرەی هەڵبژاردنەكانی كوردستان و شارەكان.
ئەگەر لە ژمارەی بەشداری و دەنگەكانی یەكێتی ورد بینەوە لە چەند هەڵبژاردنەكانی رابردووی پەرلەمانی عێراق و هەرێمی كوردستاندا، دەبینین یەكێتی لە پارێزگای دهۆك هیچ پێگەیەكی نییە و هەموو جارێ چەند هەزار دەنگێك كە لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناكات بەدەست دەهێنێ، لە دوا هەڵبژاردنیشدا هەر پێگەی نەماوە و تاكە كورسییەكیشی بەدەست نەهێنا، كەواتە یەكێتی لەو پارێزگایە كوژاوەتەوە.
لە پارێزگای سلێمانی ئەوەندە دەنگ و پێگەیەی یەكێتی هەیەتی، بە ساختەكاریی بەڵگەدار و بردنی سندووقەكانی دەنگدان و گۆڕینی ئەنجامەكانی ناوی، لەگەڵ ترس و تۆقاندنی كادر و لایەنگر و فەرمانبەران بە دەستی هێناوە. هەموومان بیرمانە چۆن یەكێتییەكان ناچار كران دەنگدانیان وێنە بگرن و دەیان ڤیدیۆیش رۆژی هەڵبژاردن بڵاو بوونەوە كە كابرا دەنگەكەی داوە و تۆماری كردووە و دواتر سووتاندوویەتی، بۆیە تەنیا لە سلێمانی 21 هەزار دەنگی پووچەڵ هەبوو.
دەمێنێتەوە پارێزگای هەولێر كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە، پێگە و قورسایی هەر حزبێك دەردەخات، لێرە دۆخی یەكێتی بە زنجیرەیی هەمیشە ڕووی لە لاوازتر كردووە، بەو پێیەی لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا نزیكەی وەك یەكبوون لەگەڵ پارتی، بەڵام لە هەموو هەڵبژاردنەكانی دواتردا جار دوای جار دەنگی یەكێتی كەمی كردووە، دوا هەڵبژاردنیش كە بە پێوەری ئاماریی وەریدەگرین، دەنگی یەكێتی دوو هۆكاری لە پشتە، ئەویش بنەماڵەی كۆسرەت رەسووڵ و كەریم خانی برادۆستی بوون، لەمەودوا نیوەی ئەو دەنگانەیش نامێنن.
پێم وایە بنەماڵەی كۆسرەت رەسووڵیش یان با بڵێم شوێنكەوتوانیان، زۆر زیاتر نیگەرانن لە بێ بەڵێنی و پشتگوێخستنیان، چونكە ئەوانیش جگە لەوەی حزبەكە وەك نامۆ سەیریان دەكات، كوڕەكانی كۆسرەت رەسووڵیش گەنجن و وەك باوكیان بەدەم خەڵكەوە نین و بگرە هەر باكیشیان پێیان نییە، بۆیە هەست دەكرێ ئەوەندەی بە دوای كاری تایبەتی خۆیان و بەرژەوەندییەكانیانەوەن، نیو هێندە ئاگایان لە لایەنگرانی باوكیان و كاری حزبایەتی نەماوە. لە دوا هەڵبژاردنیش كە قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیی كەمپینی هەولێری كرد، نیشانەی وەلانانی ئەوان بوو لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانییەوە.
سەلام كەریم خان ئۆباڵی وازهێنیان و كۆتاییهێنان بەو پێوەندییەی ماڵباتەكەی لەگەڵ یەكێتی كە تەمەنێكی درێژی هەیە، خستە ئەستۆی جووتبرا “بافڵ و قوباد تاڵەبانی”، بەگوتەی ئەو، بێ بەڵێن و كەمتەرخەم بوون بەرانبەر بنەماڵە و حزم و كەسوكاریان، هەروەها خۆیان شاردووەتەوە لەو بەڵێنانەی ئەوان بە خەڵكیان داوە و لە هەڵبژاردن بە تەنیا جێیان هێشتوون لە دەڤەری سۆران و باڵەكایەتی.
بێ بەڵێنی و خۆشاردنەوە لەو هاوكارییانەی بڕیارە بۆ خەڵك بكرێ، لەلایەن ماڵباتی ناسراوی وەك كەریم خانەوە مانای زۆرە، ڕەنگە گەنجێك لەمە تێنەگات و باكی پێی نەبێت، بەڵام لە كوردەواریدا بنەماڵە پێگە و قورساییەكەی بە هیچ شتێك ناگۆڕێتەوە و جار هەیە لەبەر بەڵێنێك شت دەكەن كە زیانی خۆیشیانی تێدایە، بەڵام نایانەوێ بێ بەڵێن ناویان لای خەڵك بڕوات، ئەمە رەنگە لای هەر كوردێك چیرۆكێكی وا هەبێت كە لە بنەماڵەیەكی گەورەی بیستبێ یان بینیبێ، بۆیە من بە باشی لەوە تێدەگەم كە ئەو نەك بۆ كوڕانی تاڵەبانی، بۆ هیچ كەسێك پێگەی بنەماڵەكەی ناخاتە ژێر پرسیارەوە و ئەگەر زیانەكە بە پارە و هەر بەرژەوەندییەك بێ، قبووڵی دەكات، بەڵام ڕاستگۆیی خۆی لەگەڵ خەڵك هەڵدەبژێرێ. كەواتە بڕیارەكە سەرپێی نییە و ئەقڵی لە پشتەوەیە و مافی خۆیانە.
لەمەوە تێدەگەین كە یەكێتی سەرەڕای ئەوەی چەند ساڵێكە لای خەڵك ئاوەزمەند جێی پرسیارە و نازانێ پڕۆژە و بەرنامەی چییە، بۆ ئیدارەدانی سلێمانی و دۆخی كورد و پێوەندییەكانی لەگەڵ میلیشیا و وەلانانی ئامۆزا و كوشتنی هەر كەس كە هاوڕای دوو براكە نەبێ، ئەوە دەركەوت باكی بە خەڵك و بنەماڵە گرنگەكانیش نییە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێ زنجیرەی هەڵوەرین فراوانتر بێت و خەڵكی سەنگین چیتر خۆی لەو حزبەدا نابینێتەوە.












Leave a Reply