لە ماوەی چەند مانگی رابردوو، بە تایبەتی دوای گرتنی عەدنان جومەیلی بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق، دەرگەی ئاشكرابوونی گەندەڵی واڵا بوو و پەردە لەسەر دەیان و سەتان دۆسیەی گەندەڵی هەڵدرایەوە، بەرپرسێكی دەستەی دەستپاكیی عێراق زانیاری زیاتر لەبارەی گەندەڵییەكان ئاشكرا دەكات.
ئەو بەرپرسە دەڵێت، زۆرینەی ئەو پارەی لە رێگەی گەندەڵییەوە بردراوە، پێوەندییان بە زیادكردنی بەهای گرێبەست و تێچووی پڕۆژە حكوومەتییەكانەوە هەیە، كاتێك گرێبەستەكان بە بەهایەكی زیاتر لەوەی هەیە تێپەڕ دەكرێن، بەوەش جیاوازیی بەهای نووسراو و راستەقینە دەبێتە قازانج بۆ بەرپرسان و دارودەستەكانیان.
روونی كردەوە، لە پلەی دووەم بەرتیل و رەشووە دێت، ئەوەش بە چەند شێوازێك دەكرێت، بەرانبەر بە دۆسییەكان پارە وەردەگیرێت، یان رێژە لە پڕۆژەكان ، بان بەرانبەر بە تێپەڕكردنی مامەڵە و گرێبەست و ئاسانكاریی حكوومەتی بۆیان پارە وەردەگیرێت، بۆیە بە بەردەوام گەندەڵی دزینی راستەوخۆ لە گەنجینەی دەوڵەت نییە، بەڵكو بڕیارێكی ئیداری یان پێدانی پڕۆژەیە، لە كۆتاییەكەی چەند كەسێك پارەیەكی ناشەرعی قازانج دەكەن.
سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو پارە سەرچاوەكە گوتی، بەشێك لەو پارەی بەو رێگەیە دێت، واتە بە گەندەڵی، بە كاش نامێنێت، بەڵكو دەكرێتە زێڕ و موڵكوماڵ و ئۆتۆمبێل یان بەسەر چەند كەس و ناوەندگیر دابەش دەكرێت بۆ شاردنەوەی، هەندێك جاریش لە شوێنی تر دەشاردرێتەوە، وەك لەناو دیوار و ژێر زەوی و شوێنی تری پێشبینی نەكراو.
















Leave a Reply