ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی تەمووزی 2026، سەرچاوەیەکی تەناهی لە کەرکووک ڕای گەیاند، کە کیلۆیەک زێڕ لە دوکانێکی زێڕینگری لە ناوەندی شارۆکەی داقووق لە باشووری پارێزگاکە دزراوە، کە بەهایەکەی بە نزیکەی 130 هەزار دۆلاری ئەمەریکی دەخەمڵێنرێت، ئەمەش دووەم حاڵەتی هاوشێوەیە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، کردەوەی دزییەکە دوای ئەوە ئەنجام دراوە کە چەند کەسێکی نەناسراو شووشەبەندی دوکانەکەیان شکاندووە، و ئاماژەی بەوەش دا کە تۆمەتباران بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
بەپێی سەرچاوەکە، هێزە تەناهییەكان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە کردووە و سەیری کامێراکانی چاودێری دەکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و ئاشکراکردنی وردەکاریی ڕووداوەکە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، ئەمە دووەم ڕووداوی لەو شێوەیەیە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، چونکە شارۆکەکە لە مانگی شوباتی ڕابردوودا شایەتحاڵی دزینی دوکانێکی تری زێڕینگری بوو بە هەمان شێوە، کە تێیدا کیلۆیەک زێڕ دزرابوو، و تا ئێستە لایەنە تایبەتمەندەکان ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دۆسیەی یەکەمیان ئاشکرا نەکردووە.
















Leave a Reply